سوپای پاسداران: هێرشە مووشەکییەکانمان بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێکرد
سوپای پاسدارانی ئێران هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێکرد و ڕایگەیاند، 100 مووشەکی ئاراستەی چەند ئامانجێک لە ناوجەرگەی ئیسرائیل کردووە.
هەروەها ڕایگەیاندووە، مووشەکەکان بالیستین و گەیشتوونەتە ئاسمانی تەلئەڤیڤ.
لە بارەی هێرشەکەشەوە، خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، جەنگیان لە بەرانبەر ئیسرائیل ڕاگەیاند و چاو پۆشی لە هیچ شتێک ناکەن.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسێکی باڵای سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، بەرپەچی چەند مووشەکێکی ئێرانیان داوەتەوە، بەڵام لە چەند دیمەنێک دەردەکەوێت چەند مووشەکێک لە ناوەندی تەلئەڤیڤ چەند ئامانجێک دەپێکن.
کەناڵ 13ی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، ئاگرێکی گەورە لە نزیک بارەگای سەرەکی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل کەوتووەتەوە.
لە سەرتاسەری ئیسرائیل زەنگی هۆشیارکردنەوە خەڵکی لە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بە دەنگ دەرهاتووە و خەڵکی ڕوویان لە حەشارگەکان کردووە.
ئاژانسی تەسنیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، ئۆپەراسیۆنەکە بە ناوی بەڵێنی ڕاستگۆیی سێیە و سەدان مووشەک ئاراستە ئیسرائیل کراوە و لەنێویاندا وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل و وەزارەتی ئاسایش لە تەلئەڤیڤ کراونەتە ئامانج.
فەرماندەیی پۆلیسی تەلئەڤیڤ ڕایگەیاندووە، چەند مووشەکێکی ئێران لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوون کەوتوونەتە خوارەوە و بەهۆیەوە زیان بەر چەند خانوو و باڵەخانەیەک کەوتووە، بەهۆیەوە 40 کەس برینداربوون، کە برینی بەشێکیان قورسە.
هەروەها ئاماژەیداوە، تیمەکانی بەرگری شارستانیی و فریاگوزاری لە هەوڵی ڕزگارکردنی ژمارەیەک هاووڵاتییدان کە لە ژێر داروپەردووی خانووەکاندا گیریانخواردووە.
هەروەها وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، یسرائیل کاتس وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئێران بە هێرشە مووشەکییەکانی هێلی سووری بەزاند، هەربۆیە باجێکی قورس دەبێت بدات.