هه‌رێمی كوردستان بڕی 500 میگاوات كاره‌با به پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق ده‌دات
"هیچ كاریگه‌ری له‌سه‌ر كاتژمێره‌كانی پێدانی كاره‌با به هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان نابێت"

K24- هه‌ولێر:
كه‌مال محه‌مه‌د ساڵح، وه‌زیری كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان 500 میگاوات كاره‌با ده‌خاته سه‌ر تۆڕی كاره‌بای نیشتمانی عێراقی و گوتیشی: ئه‌و پڕۆژه‌یه له 28ی مانگی رابردووه‌وه له‌رێگه‌ی كۆمپانیاكانی كار و قه‌یوانه‌وه كاری له‌سه‌ر كراوه.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا وه‌زیری كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی: حكومه‌تی فیدراڵ تێچووی دارایی بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه ده‌داته هه‌ردوو كۆمپانیاكه و سووته‌مه‌نی پێویستیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ته‌رخان ده‌كات.
روونیشیكرده‌وه، ئه‌و 500 میگاوات كاره‌بایه كه بۆ تۆڕی كاره‌بای نیشتمانی عێراقی زیاد ده‌كرێت، له‌و وێستگانه به‌رهه‌م ده‌هێندرێت كه پێشتر به‌هۆی نه‌بوونی سووته‌مه‌نی پێویست داخرابوون، هه‌روه‌ها پێدانی ئه‌و بڕه كاره‌بایه هیچ كاریگه‌ری بۆ سه‌ر كاتژمێره‌كانی پێدانی كاره‌با به هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان نابێت.
H.B