ئیسرائیل هێرشی کردەوە سەر تاران
بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران 78 کوژراو و 320 بریندار تۆمارکراوە

کەمێک لەمەوبەر هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هێرشی کردەوە سەر ئێران و دەنگی چەند تەقینەوەیەک تارانی هەژاند.
هێرشەکەی ئەمشەوی ئیسرائیل بۆ سەر تاران، دوای هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران دێت بۆ سەر تەلئەڤیڤ، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 40 کەس برینداربوون.
هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ناوەندی تاران و پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چەند ناوچەیەکی دیکەی گرتووە و میدیاکانی ئێرانیش دیمەنی بەرپەچدانەوەی هێرشەکان لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەیان بڵاو کردووەتەوە.
ئەمیر ئیروانی، نوێنەری تایبەتی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل کە ڕۆژی هەینی 13ی ئەم مانگە کردیەتە سەر تاران و ناوچەکانی دیکەی ئێران، 78 هاووڵاتی کوژران و 320 کەسی دیکەش برینداربوون، کە لە نێویاندا بەرپرسانی باڵای سەربازی هەن، بەڵام زۆرینەی قوربانییەکانی ئافرەت و منداڵن.
هەروەها سوپای ئیسرائیل لە بارەی هێرشەکانی ئەمشەو ڕایگەیاندووە، لە زنجیرە هێرشێکدا فڕۆکەخانەکانی تاران، هەمەدان و تەورێزیان بۆمب باران کردووە.