فڕۆکەخانەی مێهرئابادی تاران بۆمب باران کرا

فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردەوە سەر تاران و بۆمب بارانی فڕۆکەخانەی مێهرئابادی تارانیان کرد و دەنگی چەند تەقینەوەیەکی دیکەی بەهێز لە دەوروبەری فڕۆکەخانەکە بیستراوە.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، کەمێک لەمەوبەر دوای بیستنی دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە فڕۆکەخانەی مێهرئابادی تاران، ئاگر لە چەند شوێنێکی فڕۆکەخانەکە کەوتووەتەوە و دووکەڵێکی زۆر و چڕ لە فڕۆکەخانەکە بەرز دەبێتەوە.

لە بەرە بەیانی دوێنێ هەینییەوە، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر تاران و چەند شارێکی دیکەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

بەهۆی هێرشەکانیشەوە نزیکەی 24 کاتژمێرە تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی سەرجەم فڕۆکەخانەکانی ئێران ڕاگیراون و دەستەی گشتیی فڕۆکەوانی ئێران بڵاوی کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، سەرجەم هاووڵاتیانی ئێران ئاگەدار دەکەینەوە لە پێناو پاراستنی ژیان و گیانی گەشتیاران گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ماوەیەکی نادیار لە سەرجەم فڕۆکەخانەکان ڕادەگیرێن.