گۆتێرێس بۆ ئێران و ئیسرائیل: هێرشەکانتان ڕاگرن
ئەنتۆنی گۆتێرێس، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە ئێران و ئیسرائیل دەکات، دانبەخۆیان دابگرن و هێرشە دوژمنکارییەکانیان بۆ سەر یەکتری ڕابگرن.
دوای زنجیرەیەک هێرشی چڕی مووشەکی و فڕۆکە جەنگییەکان لەلایەن ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر یەکتری، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاو کردەوە و نووسیویەتی: لە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە بەرانبەردا هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر تەلئەڤیڤ، کاتی ئەوە هاتووە هێرشەکان ڕابگرن و ڕێگەی ئاشتی و دیپلۆماسی بگیرێتەبەر.
پەیامەکەی گۆتێرێس دوای کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش دێت لەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ ئێران، کە بەبێ دەرکردنی هیچ ڕاسپاردە و بڕیارێک کۆتایی هات.
لە بەرە بەیانی هەینی 13ی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل چەندین هێرشی چڕی کردە سەر دەیان ئامانج لە سەرتاسەری ئێران، کە بە گوتەی ئەمیر حوسێن ئیروانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل، 78 هاووڵاتی کوژران و 320 کەسی دیکەش برینداربوون، لە نێویاندا بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی هەن.