هێرشکرایەوە سەر ئیسرائیل

سوپای پاسدارانی ئێران چوارەم هێرشی مووشەکیی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێکرد و لە ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرایەوە.

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە ئێرانەوە زنجیرەیەک مووشەکی دیکەی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کراوە و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی خراوەتە ئامادەیی بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەکەکان.

هاوکات لە زۆربەی ناوچەکانی ئیسرائیل زەنگی ئاگادارکردەوە لێدراوە بۆ ئەوەی خەڵکی بگەڕێنەوە حەشارگەکان.

هەروەها ئاژانسی تەسنیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، زنجیرە هێرشێکی دیکەی مووشەکی کراوەتەوە سەر ئیسرائیل ئەمەش لە کاتێکدایە، کاتژمێرێک بەر لە هێرشەکە بەرپرسێکی ئێرانی، کە ناوی بڵاو نەکراوەتەوە، بە کەناڵی سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە، وڵاتەکەی هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل زیاتر دەکات.

ئاماژەشیداوە، هێرشەکان مافێکی ڕەوای تارانە بۆ وەڵامدانەوە زێدەڕۆییەکانی ئیسرائیل کە لە بەرە بەیانی دوێنێ هەینی کردیە سەر دەیان ناوچە لە ئێران.

بەرپرسەکە ئەوەشی ڕاگەیاندووە، هەر بنکە و وڵاتێکی ناوچەکە هاوکاری و پشتیوانی ئیسرائیل بکات، دەیکەنە ئامانجی هێرشە مووشەکییەکان.

ڕاشیگەیاندووە، کە بیریان نەچووە هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەکانی وڵاتانی کەونداو و عێراق و ئوردن، هاوکات هێزەکانی فەرەنسا و ئەڵمانیا لە ئوردن لەگەڵ هێزی بەریتانیا لە قوبرس، لە هەردوو ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاستگۆیی یەک و دوو، لە خستنەخوارەوەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران هاوکاری ئیسرائیلیان کردووە، بەڵام ئەمجارە تاران لە ئاستی ئەو جۆرە دەستوەردان و پشتگیرییە بێدەنگ نابێت.

هەر لە بارەی چوارەم هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، هێرشەکان کاتژمێر 4:40 خولەکی بەرە بەیانی ئەمڕۆ شەممە 14ی حوزەیرانی 2025 بووە، بەڵام سیستەمی بەرگری بەرپەرچی هێرشەکانی داوەتەوە و ڕێگەی نەداوە هیچ مووشەکێک ئامانجەکانی بپێکێت.

سوپای ئیسرائیل ڕاشیگەیاند، تەنیا 10 خولەک دوای هێرشەکان، داوای لە خەڵکی کردووە لە حەشارگەکان بێنە دەرەوە و دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە بەشێک لە میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە، لە زنجیرەی چوارەم هێرشی مووشەکی ئێران نۆ کەس برینداربوون و زیان بەر چەند باڵەخانەیەک کەوتووە، کە لە بەشێک لە باڵەخانە زیان پێکەوتووەکان خەڵکی گیریانخواردووە.