عەباس عراقچی: داوای دان بەخۆداگرتن بێ مانایە

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ دەیڤید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتی: داوای دان بەخۆداگرتن، بێ مانایە.

وەزیری دەرەوەی ئێران و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا تاوتوێی هێرشەکانی ئیسرائیلیان بۆ سەر خاکی ئێران کرد، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە دەیڤید  لامی ڕاگەیاند: ئێران دەستی بە وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کورە ئەتۆمییەکان و دامەزراوە سەربازییەکانی وڵاتەکەی کردووە.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13-06-2025، گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ گەیشتنە قۆناغێکی نوێ و مەترسیدار، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "شێری راپەڕیو" چەندان هێرشی ئاسمانی کردە سەر زیاتر لە 200 ئامانجی ستراتیجی لەنێو خاکی ئێراندا.

ئیسرائیل لە هێرشە ئاسمانییەکانیدا بنکە ئەتۆمییەکانی، نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهانی کردە ئامانج و بە گوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، زیان بەو بنکە ئەتۆمییانە گەیشتووە، بە پێی میدیای  ئێرانی، لە هێرشەکاندا شەش زانای ئەتۆمیی ئێرانی کوژراون. 

 هەر بەپێی میدیای ئێران، لەو هێرشە ئاسمانییەدا، ئیسرائیل ژمارەیەک لە باڵاترین فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی کوشتووە، لەنێویاندا محەممەد باقری، سوپاسالاری هێزە چەکدارەکان و حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، هەروەها فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانیش لەنێو کوژراوەکاندایە.

 باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا 78 کەس کوژراون و 320ی دیکە بریندار بوون.