تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران کوژرانی دوو فەرماندەی دیکەی سەربازیی ڕاگەیاند

ئەمڕۆ شەممە 14ـی حوزەیرانی 2025، تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە، دوو لە فەرماندە باڵاکانی دەستەی ئەرکانی هێزە چەکدارەکان لە هێرشی ئەمڕۆی ئیسرائیلدا کوژران.

تەلەفزیۆنەکە ئاشکرایشی کردووە، عەمید غولامڕەزا میحرابی، جێگری سەرۆکی هەواڵگریی  لە دەستەی گشتی هێزە چەکدارەکان و مەهدی ڕەبانی، جێگری سەرۆکی ئۆپەراسیۆنەکان لە دەستەی گشتی هێزە چەکدارەکان لەو هێرشەی ئیسرائیلدا کوژراون.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13-06-2025، گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ گەیشتنە قۆناغێکی نوێ و مەترسیدار، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "شێری راپەڕیو" چەندان هێرشی ئاسمانی کردە سەر زیاتر لە 200 ئامانجی ستراتیجی لەنێو خاکی ئێراندا.

ئیسرائیل لە هێرشە ئاسمانییەکانیدا بنکە ئەتۆمییەکانی، نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهانی کردە ئامانج و بە گوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، زیان بەو بنکە ئەتۆمییانە گەیشتووە، بە پێی میدیای  ئێرانی، لە هێرشەکاندا شەش زانای ئەتۆمیی ئێرانی کوژراون. 

 هەر بەپێی میدیای ئێران، لەو هێرشە ئاسمانییەدا، ئیسرائیل ژمارەیەک لە باڵاترین فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی کوشتووە، لەنێویاندا محەممەد باقری، سوپاسالاری هێزە چەکدارەکان و حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، هەروەها فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانیش لەنێو کوژراوەکاندایە.

 باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا 78 کەس کوژراون و 320ی دیکە بریندار بوون.