هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێ کردەوە
میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 14-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی نوێیان کردووەتە سەر وڵاتەکە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی "فارس"ـی ئێرانی، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، ژمارەیەک بنکەی سەربازی و ژێرخانی نەوت و گازیان لە تارانی پایتەخت و پارێزگاکانی خورم ئاباد، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، ئەسفەهان و کرمانشان کردووەتە ئامانج.
ئەمە لە کاتێکدایە، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران بەردەوام دەبن و بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن ئێران ببێتەوە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ئاژانسی هەواڵی مێهری ئێران بڵاوی کردووەتەوە، لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا، پاڵاوگەی تەورێز لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات کراوەتە ئامانج.
هاوکات یاریدەدەری ئەمنی پارێزگاری هەمەدان ڕایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 14-06-2025، لە هێرشێکی ئیسرائیلدا دوو کەس لە کارمەندانی فریاگوزاری کوژران و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون.
هێرشەکەی ئیسرائیل و وەڵامدانەوەکەی ئێران
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13-06-2025، گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ گەیشتنە قۆناغێکی نوێ و مەترسیدار، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "شێری راپەڕیو" چەندان هێرشی ئاسمانی کردە سەر زیاتر لە 200 ئامانجی ستراتیجی لەنێو خاکی ئێراندا.
ئیسرائیل لە هێرشە ئاسمانییەکانیدا بنکە ئەتۆمییەکانی، نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهانی کردە ئامانج و بە گوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، زیان بەو بنکە ئەتۆمییانە گەیشتووە. بە پێی میدیای ئێرانی، لە هێرشەکاندا شەش زانای ئەتۆمیی ئێرانی کوژراون.
هەر بەپێی میدیای ئێران، لەو هێرشە ئاسمانییەدا، ئیسرائیل ژمارەیەک لە باڵاترین فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی کوشتووە، لەنێویاندا محەممەد باقری، سوپاسالاری هێزە چەکدارەکان و حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران. هەروەها فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانیش لەنێو کوژراوەکاندایە.
باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا 78 کەس کوژراون و 320ی دیکە بریندار بوون.
چەند کاتژمێر دوای هێرشەکانی ئیسرائیل، سوپای پاسداران لە ڕێگەی شەش زنجیرە هێرشی مووشەکی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 3"، دەیان شوێنی لە ئیسرائیل کردە ئامانج، لەنێویاندا شاری تەلئەڤیڤ.
میدیاکانی ئیسرائیل باسیان لەوە کردووە، هەرچەندە بەشێکی زۆری مووشەک و درۆنەکانی ئێران لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە خراونەتە خوارەوە، بەڵام بەشێکی مووشەکەکان ئامانجیان پێکاوە و بەهۆیەوە سێ هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش بریندار بوون. هاوکات زیان بە ژمارەیەک باڵەخانەی نیشتەجێبوون گەیشتووە.
کردنە ئامانجی ڕاستەوخۆی ناوچەی نیشتەجێبوون، لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە ئەنجوومەنی ئاسایشەوە تاوەکو یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی دیکە، بەردەوام داوای دانبەخۆداگرتن و رێگریکردن لە گرژیی زیاتری شەڕەکە دەکەن؛ بەڵام هەردوو لایەن سوورن لەسەر هەڵوێستی خۆیان و هەڕەشەی گورزی قورستر لە یەکدی دەکەن، ئەمەش ناوچەکەی خستووەتە بەردەم مەترسیی شەڕێکی گشتگیری کارەساتبارەوە.