میدیاکانی ئێران: سێ زانای دیکەی ئەتۆمیی ئێران کوژران
میدیاکانی ئێران کوژرانی سێ زانای دیکەی ئەتۆمییان ڕاگەیاند. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت: تا ئێستا نۆ زانامان کوشتوون.
شەممە، 14-06-2025، میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، لە دوایین هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، سێ زانای دیکەی ئەتۆمی بە ناوەکانی (عەلی باکویی کەریمی، مەنسوور عەسکەری و سەعید بەرجی) کوژراون.
هاوکات سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، لە بەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، نۆ زانای دیاری پڕۆژەی ئەتۆمیی ئێرانیان کوشتووە کە "هاوکاری و بەشدارییان لە پلانی ڕژێمی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکرد."
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی سوپای ئیسرائیل، کوژرانی ئەو نۆ زانایە "زیانێکی زۆری بە توانای ئێران بۆ دەستخستنی چەکی ئەتۆمی گەیاندووە."
ئەو نۆ زانا ئەتۆمییە ئێرانییانەی کوژراون:
1. فرەیدوون عەباسی.
2. محەممەد مێهدی تارانچی.
3. ئەکبەر مۆتالەبزادە.
4. سەعید بۆرجی.
5. ئەمیر حەسەن فەخێی.
6. عەبدولحەمید مەنوچێهر.
7. مەنسور عەسکەری.
8. ئەحمەد ڕەزا زۆڵفەغەری داریانی.
9. عەلی باکۆیی کتارمی.
هەر شەممە، 14-06-2025، بە ئامادەبوونی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەو وڵاتە بۆ خەمڵاندنی زیانە گیانی و ماددییەکانی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی ڕابردووی ئێران، بەڕێوە چوو.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداریی توندی بە بەرپرسانی تاران دا و جەختی کردەوە "ئەگەر خامنەیی (ڕێبەری باڵای ئێران) بەردەوام بیت لە هاوێشتنی مووشەک بەرەو ناوەندی ئیسرائیل، تاران دەسووتێنین."
هاوکات ئیڤی دیڤرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو تا بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 14-06-2025، ئێران زیاتر لە 200 مووشەکی جۆراوجۆری ئاراستەی ئیسرائیلی کردووە و توانیویانە زیاتر لە 150ـیان لە ئاسماندا تێک بشکێنن.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دووپاتیشی کردەوە، هیچ زیانێکی ئەوتۆ بەر بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل نەکەوتووە، بە شێوەیەکی ئاسایی کار دەکەن و دەتوانن بەرپەچی هەر هێرشێک بدەنەوە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13-06-2025، گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ گەیشتنە قۆناغێکی نوێ و مەترسیدار، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "شێری راپەڕیو" چەندان هێرشی ئاسمانی کردە سەر زیاتر لە 200 ئامانجی ستراتیجی لەنێو خاکی ئێراندا.
چەند کاتژمێر دوای هێرشەکانی ئیسرائیل، سوپای پاسداران لە ڕێگەی شەش زنجیرە هێرشی مووشەکی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 3"، دەیان شوێنی لە ئیسرائیل کردە ئامانج، لەنێویاندا شاری تەلئەڤیڤ.
میدیاکانی ئیسرائیل باسیان لەوە کردووە، هەرچەندە بەشێکی زۆری مووشەک و درۆنەکانی ئێران لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە خراونەتە خوارەوە، بەڵام بەشێکی مووشەکەکان ئامانجیان پێکاوە و بەهۆیەوە سێ هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش بریندار بوون. هاوکات زیان بە ژمارەیەک باڵەخانەی نیشتەجێبوون گەیشتووە.