سوپای ئێران: فڕۆکەیەکی دیکەی F-35ـمان خستە خوارەوە

فڕۆکەیەکی F-35
فڕۆکەیەکی F-35

سوپای ئێران ڕایدەگەیەنێت، فڕۆکەیەکی دیکەی F-35ـی ئیسرائیلییان خستووەتە خوارەوە. ئیسرائیلیش ڕەتی دەکاتەوە. 

شەممە، 14-06-2025، سوپای ئێران ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئەو وڵاتە، فڕۆکەیەکی دیکەی F-35ـی ئیسرائیلییان خستووەتە خوارەوە، فڕۆکەوانەکەش، بە پەرەشۆتەکەی خۆی هەڵداوەتە خوارەوە. 

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینیش، 13-06-2025، سوپای ئێران خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی 35ـی ئیسرائیلی و بەدیلگرتنی فڕۆکەوانەکەی ڕاگەیاندبوو، بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی ئیسرائیل ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن: هیچ فڕۆکەیەکمان نەخراوەتە خوارەوە. 

لە لایەکی دیکەوە سوپای پاسدران ڕایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 14-06-2025، سێ ئەندامیان، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل لە پارێزگای زنجان، لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران کوژران. 

هاوکات میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، لە دوایین هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، سێ زانای دیکەی ئەتۆمی بە ناوەکانی (عەلی باکویی کەریمی، مەنسوور عەسکەری و سەعید بەرجی) کوژراون. 

هەر شەممە، 14-06-2025، بە ئامادەبوونی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەو وڵاتە بۆ خەمڵاندنی زیانە گیانی و ماددییەکانی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی ڕابردووی ئێران، بەڕێوە چوو. 

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداریی توندی بە بەرپرسانی تاران دا و جەختی کردەوە "ئەگەر خامنەیی (ڕێبەری باڵای ئێران) بەردەوام بیت لە هاوێشتنی مووشەک بەرەو ناوەندی ئیسرائیل، تاران دەسووتێنین."

هاوکات ئیڤی دیڤرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو تا بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 14-06-2025، ئێران زیاتر لە 200 مووشەکی جۆراوجۆری ئاراستەی ئیسرائیلی کردووە و توانیویانە زیاتر لە 150ـیان لە ئاسماندا تێک بشکێنن. 

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دووپاتیشی کردەوە، هیچ زیانێکی ئەوتۆ بەر بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل نەکەوتووە، بە شێوەیەکی ئاسایی کار دەکەن و دەتوانن بەرپەچی هەر هێرشێک بدەنەوە. 

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13-06-2025، گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ گەیشتنە قۆناغێکی نوێ و مەترسیدار، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "شێری راپەڕیو" چەندان هێرشی ئاسمانی کردە سەر زیاتر لە 200 ئامانجی ستراتیجی لەنێو خاکی ئێراندا.

چەند کاتژمێر دوای هێرشەکانی ئیسرائیل، سوپای پاسداران لە ڕێگەی شەش زنجیرە هێرشی مووشەکی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 3"، دەیان شوێنی لە ئیسرائیل کردە ئامانج، لەنێویاندا شاری تەلئەڤیڤ.

میدیاکانی ئیسرائیل باسیان لەوە کردووە، هەرچەندە بەشێکی زۆری مووشەک و درۆنەکانی ئێران لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە خراونەتە خوارەوە، بەڵام بەشێکی مووشەکەکان ئامانجیان پێکاوە و بەهۆیەوە سێ هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش بریندار بوون. هاوکات زیان بە ژمارەیەک باڵەخانەی نیشتەجێبوون گەیشتووە.