وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی، پشتگیریی خۆی بۆ ئێران ڕاگەیاند

پاکستان ڕایگەیاند، لە بەرانبەر هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیلدا، پشتیوانیی تەواوی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات. جەختیشی کردەوە، وەڵامدانەوەی تاران لە چوارچێوەی بەرگریکردنە لە سەروەریی ناوچەکە.

شەممە، 14ـی حوزەیرانی 2025، سەردار فەتحوڵلاخان میان خێل، سەرۆکی لیژنەی بەرگری لە پەرلەمانی پاکستان، جەختی لەسەر پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ تاران کردەوە و داوای یەکگرتوویی نێوان ئیسلام و سەرکەوتن بۆ براکانی کرد. 

خان، هەروەها هێرشەکەی ئیسرائیلی بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان وەسف کرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت بۆ وەستاندنی پەرەسەندنەکان.

هەر لەو چوارچێوەیەدا محەممەد ئیسحاق دار، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی پاکستان بە تەلەفۆن پەیوەندی لەگەڵ عەباس عراقچی هاوتا ئێرانییەکەی کرد و هاوسۆزیی تەواوی ئیسلامئابادی بۆ تاران دەربڕی و گوتی: هەر جۆرە پێشێلکارییەک بۆ سەر ئێران ڕەت دەکەینەوە.

هەروەها ئاسیف عەلی زەرداری، سەرۆک کۆماری پاکستان و شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، بەیاننامەی جیاجیایان بڵاو کردەوە و هێرشەکەی ئیسرائیلیان ئیدانە کرد و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەنگاوی بەپەلە بگرێتەبەر بۆ لێپرسینەوە لە دەستدرێژکاران.

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment