ناتانیاهۆ: ڕێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گوتی: ڕێگە نادەین ئێران بببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی. دەشڵێت: زیانی زۆرمان بە بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستییەکانی ئێران گەیاندووە.

شەممە 14ـی حوزەیرانی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئامانجمان پووچەڵکردنەوەی هەڕەشە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێرانە و ڕێگە نادەین وڵاتەکە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، باسی لەوە کرد، زیانی زۆرمان بە بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستییەکانی ئێران گەیاندووە، هەروەها چەند ساڵێک لەمەوبەر دەمانویست هێرش بکەینە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەڵام دوامان خست.

جەختی لەوەش کردەوە، ئەمە جەنگێکی چارەنوسسازە و ڕووبەڕوویان بووەتەوە، دەجەنگن تا ئەو کاتەی سەرکەوتن ڕادەگەینین.

گوتیشی: ئێمە پشت بە توانا و بڕیاری خۆمان دەبەستین و شانازیشی پێوە دەکەین، بەم زووانە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە ئاسمانی تاران دەبینین.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆن، هێرشی کرد سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانی، کوشت.