ئەردۆغان: ئیسرائیل نابەرپرسانە هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە و جیهان دەکات

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا

سەرۆک کۆماری تورکیا دەڵێت: هێرشەکانی ئیسرائیل جارێکی دیکە ئاشکرای کرد کە ئەو وڵاتە، بە شێوەیەکی نابەرپرسانە هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە و جیهان دەکات.

شەممە 14ـی حوزەیرانی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، ڕایگەیاند: ناکۆکیی ئەتۆمی تەنیا بە دانوستان چارە دەکرێت، نەک بە جەنگ.

جەختی لەوەش کردەوە، ئامانجی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تێکدانی هەوڵەکانی ئاشتییە، لە کاتێکدا دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی تاران، بەردەوامە.

قسەکانی ئەردۆغان لە کاتیكدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاندبوو، پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی ئەم دوایانە بە تەواوی کاریگەری لەسەر کشانەوەمان لە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا هەبووە.

ئاماژە بەوەش کردبوو، ئەمەریکا بە کردەوەکانی، دانوستانەکانی بێ بەها کرد، ناکرێت خۆت وا پیشان بدەی کە ئاشتیت دەوێت، بەڵام لە هەمان کاتدا هاوکاری دوژمنیش بکەیت.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆن، هێرشی کردە سەر ئێران بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانی، کوشت.