سێرگی ڕیابكۆڤ: به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا ئابڕوویان له به‌رانبه‌ر ئه‌م دۆخه‌ی ئێران نه‌ماوه

جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا، له باره‌ی هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێران، ڕه‌خنه له به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا ده‌گرێت و پێی وایه كه ده‌بوو، بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره، هه‌وڵه دیپلۆماتییه‌كانیان پتر بكه‌ن.
شه‌ممه، 14ـی حوزه‌یرانی 2025، سێرگی ڕیابكۆڤ، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا ڕایگه‌یاند "ده‌رفه‌ت هه‌بوو به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا هه‌وڵه دیپلۆماتییه‌كانیان بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌یه‌كی سیاسی – دیموكراتی بۆ پرسی ئه‌تۆمی ئێران چڕ بكه‌نه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه‌یان نه‌كرد."
سێرگی ڕیابكۆڤ گوتووشیه‌تی، ئه‌و سێ وڵاته ویژدانیان نه‌ماوه و شه‌رم و ئابڕوویان تكاوه، ته‌نانه‌ت هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئێران له‌م باره‌وه تاوانبار بكه‌ن و ئۆباڵی ئه‌م دۆخه‌ی بخه‌نه ئه‌ستۆ.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوه‌زه‌یرانی 2025، گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ گەیشتنە قۆناغێکی نوێ و مەترسیدار، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "شێری ڕاپەڕیو" چەندان هێرشی ئاسمانی کردە سەر زیاتر لە 200 ئامانجی ستراتیجیی لەنێو خاکی ئێران‌دا.
ئیسرائیل، لە هێرشە ئاسمانییەکانیدا بنکە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهانی بۆمباران کرد و بە گوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، زیان بەو بنکە ئەتۆمییانە گەیشتووە. بە پێی میدیای ئێرانی، لە هێرشەکاندا شەش زانای ئەتۆمیی ئێرانی کوژراون.
هەر بەگوێرەی میدیای ئێران، لەو هێرشە ئاسمانییانەدا، ئیسرائیل ژمارەیەک لە باڵاترین فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی کوشتووە، لەنێویاندا محەممەد باقری، سوپاسالاری هێزە چەکدارەکان و حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، هەروەها فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانیش لەنێو کوژراوەکاندان.
باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل‌دا 78 کەس کوژراون و 320ـی دیکە بریندار بوون.