پزیشکیان هۆشداریی دەداتە ئیسرائیل
سەرۆک کۆماری ئێران، هەڕشە لە ئیسرائیل دەکات و دەڵێت: ئەگەر لە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران بەردەوام بێت، ئەوا هێزە چەکدارەکانی ئێران بە وەڵامێکی توندتر و بەهێزتر ڕووبەڕووی ئیسرائیل دەبنەوە.
شەممە، 14ـی حوزەیرانی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، بە تەلەفۆن لەگەڵ شێهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان قسەی کرد.
سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، هەماهەنگیی ئیسرائیل لەگەڵ ئەمەریکا بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ئێران و لەباربردنی دانوستانەکان، بەڵگەیە بۆ ناڕاستگۆیی ئەمەریکا.
مەسعود پزیشکیان، ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئیسرائیل لە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران بەردەوام بێت، ئەوا هێزە چەکدارەکانی ئێران بە وەڵامێکی توندتر و بەهێزتر ڕووبەڕووی ئیسرائیل دەبنەوە.
هەر ئەمڕۆ، بەردر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان، ڕایگەیاند: بڕیار بوو سبەینێ 15ـی حوەزیران، گەڕی شەشەمی دانوستان لە نێوان ئەمەریکا و ئێران، لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران لە مەسقەتی پایەختی عوممان بەڕێوە بچێت، بەڵام دانوستانەکان ئەنجام نادرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو، تا هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوام بن، دانوستان لەگەڵ لایەنێک کە گەورەترین لایەنگر و هاوبەشی ئیسرائیل بێت، هیچ سوودی نابێت.
هەینی، 23ـی ئایاری 2025، گەڕی پێنجەمی دانوستانی ئەمەریکا و ئێران لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران، لە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا بەڕێوە چوو.
لەو بارەیەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو، گفتوگۆی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمەریکا ئاڵۆزە و کاتی زیاتری پێویستە. باسی لەوەش کردبوو، بەهۆی پێشکەشکردنی پێشنیازەکانی عوممان، پێشکەوتنی باش لە دانوستانەکاندا هەبوو.