ئێران هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێ کرد

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردەوە، گەڕێکی نوێی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران، بە ناونیشانی "بەڵێنی ڕاستگۆیی 3" بۆ سەر ئیسرائیل دەستیان پێ کرد.
شەممە 14ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بڵاوی کردەوە، ئێران لە ژێر ناوی " بەڵێنی ڕاستگۆیی 3" چەندین مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.
بە پێی ئاژانسە هەواڵە عەرەبییەکان، ژمارەیەک مووشەک لە شاری حەیفا کەوتوونەوە خوارەوە و بەهۆیە باڵەخانەیەکی شارەکە گڕی گرتووە.
لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە دا، ژمارەیەک مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئێرانەوە بە ئاراستەی ئیسرائیل هەڵدران و، زەنگی ئاگادار کردنەوە لە سەرانسەری وڵات لێ دران، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین بچنە پەناگەکانیان و نەیەنە دەرەوە.
باسی لەوەش کرد، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی مووشەکەکانی داوەتەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوو ئێران هێرشی زیاتر بکات، بۆیە لە ئامادەباشی داین بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.
لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەرایەتیی فریاگوازریی ئیسرائیل، رایگەیاند: لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمشەوی ئێران بۆ سەر شاری حەیفا، کەسێک کوژراوە و 14ـی دیکەش بریندار بوون.
هەروەها ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل، بڵاوی کردەوە، بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئەمشەوی بۆ سەر شاری جەلیلی ڕۆژئاوە کەسێک کوژرا و 7ـی دیکەش بریندار بوون.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی، کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدانی مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و، چەند باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.