دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی ئێران: لە فڕۆکەخانەکان نزیک مەکەونەوە
لەسەرتاسەری ئێران گەشتە ئاسمانییەکان ڕاگرا

دەستەی فڕۆکەوانیی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاگرتنی گەشتە ناوخۆ و دەرەکییەکانی درێژ کردەوە و داوا لە خەڵکیش دەکات لە فڕۆکەخانەکان نزیک نەکەونەوە.
گوتەبێژی دەستەی فڕۆکەوانی ئێران ڕایگەیاندووە، هەڵپەساردنی گەشتەکان تاوەکوو کاتژمێر سێی ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە 15ی حوزیرانی 2025، بەردەوام دەبێت و هیچ گەشتێکی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات ئەنجام نادرێت.
هەروەها ڕایگەیاندووە، بەهۆی ئەم دۆخە تایبەتەی ئێران هەیەتی و بە لەبەرچاوگرتنی سەلامەتیی گەشتیاران و پاراستنی تیمەکانی فڕۆکەوانی، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان هەڵپەسێردراون.
گوتەبێژی دەستەکە دەڵێت: هەر بڕیارێکی نوێ بدرێت لە ماڵپەڕی دەستەی فڕکەوانی بڵاو دەکرێتەوە، هەربۆیە باشتروایە هاووڵاتییانی ئێران و گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکان نزیک نەکەونەوە.
بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە بەرە بەیانی ڕۆژی هەینییەوە گەشتیە ئاسمانییەکانی ئێران بە تەواوی ڕاگیراوە و بە گوێرەی ڕاپۆرتی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، هێرشەکانیان بۆ چەند ڕۆژێکی دیکە بۆ سەر ئێران بەردەوام دەبێت.