سوپای پاسداران: چەند دامەزراوەیەکی ئیسرائیلمان بە ئامانج گرت
سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، لە هێرشەکانی ئەمشەوی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل توانیویانە ژمارەیەک دامەزراوەی ئیسرائیل بکەنە ئامانج و ژمارەیەک مووشەک و درۆنیش تێک بشکێنن.
یەکشەممە 15ـی حوزەیرانی 2025، سوپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی هێرشەکانی ئەمشەویان بۆ سەر ئیسرائیل ئاماژەی داوە، لە درێژەی ئۆپەراسیۆنی ''بەڵێنی ڕاستگۆیی 3" و لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا بە ژمارەیەکی زۆر درۆن و مووشەک، دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی سووتەمەنیی بۆ فڕۆکە جەنگییەکان و ناوەندەکانی دابینکردنی وزەی ئیسرائیل و ژمارەیەک بنکەی مووشەکمان بە ئامانج گرت.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیران توانیویەتی سێ مووشەکی کڕووز و 10 درۆنی گەورە و ژمارەیەکی زۆر درۆنی بچووکی ئیسرائیل تێک بشکێنێت.
هەروەها هۆشداریشی داوە ئەگەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەردەوام بێت هێرشی فراوانتر و بەهێزتر دەکەنە سەر ئیسرائیل.
شەممە 14ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بڵاوی کردەوە، ئێران لە ژێر ناوی " بەڵێنی ڕاستگۆیی 3" چەندین مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.
بە پێی ئاژانسە هەواڵە عەرەبییەکان، ژمارەیەک مووشەک لە شاری حەیفا کەوتوونەوە خوارەوە و بەهۆیە باڵەخانەیەکی شارەکە گڕی گرتووە.
لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە دا، ژمارەیەک مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئێرانەوە بە ئاراستەی ئیسرائیل هەڵدران و، زەنگی ئاگادار کردنەوە لە سەرانسەری وڵات لێ دران، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین بچنە پەناگەکانیان و نەیەنە دەرەوە.
باسی لەوەش کرد، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی مووشەکەکانی داوەتەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوو ئێران هێرشی زیاتر بکات، بۆیە لە ئامادەباشی داین بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.
لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەرایەتیی فریاگوازریی ئیسرائیل، رایگەیاند: لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمشەوی ئێران بۆ سەر شاری حەیفا، سێ کوژراوە و 14ـی دیکەش بریندار بوون.