هێرشێکی دیکەی مووشەکی ئێران گەیشتە ئاسمانی ئیسرائیل
چەند تەقینەوەیەکی بەهێز قودس و تەلئەڤیڤیان هەژاند

جارێکی دیکە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرتاسەری ئیسرائیل لێدرا و دەیان مووشەکی بالیستی ئێران گەیشتە ئاسمانی تەلئەڤیڤ و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئەو وڵاتە.
سوپای ئیسرائیل کەمێک لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو، چاودێری هەڵدانی نزیکەی 70 مووشەکی بالیستی ئێرانیان کردووە کە ئاراستەی ئیسرائیل کراون.
هەروەها ڕاشیگەیاند بوو، هەموو ئامادەکارییەکان کردووە بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەکەکانی ئێران.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە تەلئەڤیڤ و قودس بیستراون و دانیشتووانی هەردوو شارەکەش پەیانان بردووەتە بەر حەشارگەکان.
هەروەها تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاویکردووەتەوە، کاتژمێر 3:10 خولەکی بەرە بەیانی یەکشەممە 15ی حوزەیرانی 2025، بە کاتی تاران، لە چواچێوەی ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاستگۆیی سێ، زنجیرە مووشەکێکی دیکەی بە ئاراستەی ئیسرائیل هەڵدران.
بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەیداوە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە هەموو شوێنەکان بۆ خستنەخوارەوەی مووشەک و درۆنەکانی ئێران خراوەتە کار.
هەروەها میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە، مووشەکەکانی ئێران چوار باڵەخانەیان لە ناوەندی شاری تەلئەڤیڤ پێکاوە و ڕۆژنامەی مەعاریفیش نووسیویەتی " ڕاستەوخۆ چەند شوێنێکیان پێکاوە".
سێیەم ڕۆژە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەردەوامە و سوپای پاسدارانی ئێران کاتژمێرێک لەمەوبەر ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی پێشتری ڕاگەیاند، دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی سووتەمەنیی مووشەک و ناوەندەکانی وزەی ئیسرائیلیان پێکاوە و زانیان هەبووە.
هۆشداریشی داوە ئەگەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەردەوام بێت هێرشی بەربڵاوتر و قورستر دەکەنە سەر ئیسرائیل.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران توانیویەتی سێ مووشەکی کڕووز و 10 درۆنی گەورە و ژمارەیەکی زۆر درۆنی بچووکی ئیسرائیل بخاتە خوارەوە.