ئیهود باراک: ئیسرائیل ناتوانێت ئێران بڕووخێنێت

ئیهود باراک، سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئیسرائیل توانای ئەوەی نییە بە تەنیا ئێران بڕووخێنێت، جەختی لە گرنگیی هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ستراتیجییەکانی تاران کرد.

یەکشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2025، ئیهود باراک، سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگری پێشووتری ئیسرائیل لە وتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی 'هارتز'دا بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت "ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل دەستکەوتی بەرچاوی بەدەست هێناوە، بەڵام ئیسرائیل لە قۆناغی داهاتوودا ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی درێژخایەن و ئازاربەخش دەبێتەوە."

ئیهود باراک ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر ئێران بڕیار بدات چەکی ئەتۆمی دروست بکات، مەترسیی جددی دروست دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هیچ بژاردەیەکی دیکە بۆ ئیسرائیل  نەمێنێتەوە جگە لە ڕێگریی لە دروستکردنی ئەتۆمی.

گوتیشی: بەڵام کەشوهەوا و خۆشحاڵیی شەقامەکان لە میدیاکان، هەروەها ڕاگەیاندنی ناتانیاهۆ سەبارەت بە 'نەهێشتنی هەڕەشەی ئەتۆمی ئێران' دوورە لە ڕاستیی.

ماڵپەڕی ئەکسیۆس، لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا داوای لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا کردبوو بەشداری شەڕی دژ بە ئێران بکەن بۆ نەهێشتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.