ژمارەی قوربانییانی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بەرز بووەوە
پۆلیسی ئیسرائیل ئاماری نوێی زیانە گیانییەکانی هێرشە مووشەکییەکانی ئێرانیان بۆ سەر وڵاتەکەیان بڵاو کردەوە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 15-06-2025، ئێران زنجیرەیەک هێرشی نوێی مووشەکی بالیستی کردە سەر تەلئەڤیڤ و چەندان شوێنی دیکەی ئیسرائیل. بە گوێرەی سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکان، سوپای پاسداران، لە هێرشەکەدا زیاتر لە 80 مووشەکی بەکار هێناوە.
دانیال حەداد، گوتەبێژی پۆلیسی گشتیی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە ئەنجامی دوایین هێرشی ئێران بۆ سەر تەلئەڤیڤ و چەند ناوچەیەکی دیکە، 10 کەس کوژراون و زیاتر لە 180 کەسی دیکەش بریندار بوون.
گوتەبێژی پۆلیسی گشتیی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش دا، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی دوو ڕۆژی ڕابردووی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، 14 کەس کوژراون و زیاتر لە 400 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بە گوێرەی زانیاریی میدیاکانی ئیسرائیل، هێرشە مووشەکییەکانی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، زیانی بە زیاتر لە 70 باڵەخانەی نیشتەجێبوون و قوتابخانە و پەیمانگەی زانستی گەیاندووە. باسیش لەوە کراوە، زیاتر لە 35 کەس لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا گیریان خواردبوو، تیمەکانی بەرگریی شارستانی هەندێکیانی ڕزگارکردوون و کار بۆ ڕزگارکردنی ئەوانی دیکەش دەکەن.
هاوکات لەگەڵ هێرشەکە، حووسییەکانی یەمەنیش چەند مووشەکێکیان ئاراستەی ئیسرائیل کرد و یەحیا سەریع، گوتەبێژەکەیان ڕایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران هێرشەکەیان کردووە و بەردەوام دەبن لە پشتیوانیی تاران.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە، بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممەش، 14-06-2025، ئێران بە زیاتر لە 200 مووشەکی بالیستی، هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون.
سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 100 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تارانی پایتەخت و چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت.
ئێرانیش لە وەڵامی ئەو هێرشانە کە تا ئەمڕۆ یەکشەممەش، 15-06-2025، بۆ ناو خاکەکەی بەردەوامن، بە هەڵدانی سەدان مووشەک وەڵامی ئیسرائیلی داوەتەوە. عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران ڕایگەیاندووە، بەرپرسانی تەلئەڤیڤ باجێکی قورسی دەستدرێژییەکانیان دەدەن.
هەرچی ئەمەریکاشە، چەند جارێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل بە تاک لایەنە هێرشی کردووەتە سەر ئێران و بە هیچ شێوەیەک بەشدارییان نەکردووە، بەڵام دەتوانن لە ماوەیەکی کەمدا شەڕی نێوان هەردوو وڵات بوەستێنن.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەردەوام داوا لە بەرپرسانی ئێران و ئیسرائیل دەکات دان بەخۆیاندا بگرن و شەڕەکە زیاتر فراوان نەکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەکێیان ئاماژەیان بە کۆتاییهاتنی شەڕەکە نەکردووە. هاوکات میدیاکانی ئەمەریکا لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی کۆشکی ڕایان گەیاندووە، چاوەڕێ دەکرێت شەڕی تاران و تەلئەڤیڤ چەند هەفتەیەک بخایەنێت، نەک چەند ڕۆژێک.