سوپای ئیسرائیل بە زمانی فارسی داوایەک لە ئێرانییەکان دەکات

سوپای ئیسرائیل داوا لە هاووڵاتییانی ئێران دەکات، لە دەوروبەری دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی چەک دوور بکەونەوە. 

یەکشەممە، 15-06-2025، سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پەیامێکی بەپەلەی بە زمانی فارسی بۆ هاووڵاتییانی ئێران بڵاو کردووەتەوە و داوایان لێ دەکات، لە  دەوروبەری دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی چەک دوور بکەونەوە، بۆ ئەوەی ژیانیان نەکەوێتەوە مەترسییەوە. 

هاوکات میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 15-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بارەگای وەزارەتی بەرگری لە تاران و چەند پێگەیەکی سەربازییان لە شاری شیراز، لە ڕۆژئاوای ئێران بۆمباران کردووە. 

داواکەی سوپای ئیسرائیل بە زمانی فارسی بۆ هاووڵاتییانی ئێران

 

سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 100 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تارانی پایتەخت و چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت. 

ئێرانیش لە وەڵامی ئەو هێرشانە کە تا ئەمڕۆ یەکشەممەش، 15-06-2025، بۆ ناو خاکەکەی بەردەوامن، بە هەڵدانی سەدان مووشەک وەڵامی ئیسرائیلی داوەتەوە. عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران ڕایگەیاندووە، بەرپرسانی تەلئەڤیڤ باجێکی قورسی دەستدرێژییەکانیان دەدەن. 

هەرچی ئەمەریکاشە، چەند جارێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل بە تاک لایەنە هێرشی کردووەتە سەر ئێران و بە هیچ شێوەیەک بەشدارییان نەکردووە، بەڵام دەتوانن لە ماوەیەکی کەمدا شەڕی نێوان هەردوو وڵات بوەستێنن. 

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەردەوام داوا لە بەرپرسانی ئێران و ئیسرائیل دەکات دان بەخۆیاندا بگرن و شەڕەکە زیاتر فراوان نەکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەکێیان ئاماژەیان بە کۆتاییهاتنی شەڕەکە نەکردووە. هاوکات میدیاکانی ئەمەریکا لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی کۆشکی ڕایان گەیاندووە، چاوەڕێ دەکرێت شەڕی تاران و تەلئەڤیڤ چەند هەفتەیەک بخایەنێت، نەک چەند ڕۆژێک.