سوپای ئیسرائیل: لە ئەنجامی هێرشەکەی ئێران زیان بە پاڵاوگە و بۆریی نەوتی حەیفا گەیشتووە
ڕۆژی یەکشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل دانی بەوەدا نا کە لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی ڕابردووی ئێران، بۆری و هێڵەکانی گواستنەوە لە پاڵاوگەی حەیفا زیانیان بەرکەوتووە.
کۆمپانیای پاڵاوگەکانی نەوتی ئیسرائیل، پشتڕاستی کردەوە، بۆری و هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت لە حەیفا بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئێرانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
میدیاکانی ئێرانیش بڵاویان کردەوە، سوپای ئێران هێرشی مووشەکی کردە سەر پاڵاوگەیەکی نەوت لە شاری حەیفای باکووری ئیسرائیل.
کەناڵی IRIBـی ئێرانی بڵاوی کردەوە: ئێران بەسەرکەوتوویی هێرشی مووشەکی کردە سەر پاڵاوگەی نەوتی حەیفا و زیانی بەرکەوت.
ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی ڕایگەیاندووە، بە مووشەک لەو دامەزراوە گرنگەی حەیفای داوە، دوای لێدانەکەش ئاگر لەو دامەزراوەیە بەرز بووەتەوە.