سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل: ئێران باجێکی قورسی کوشتنی هاووڵاتییانی سڤیل دەدات

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەخت لە بەردەوامیی هێرشە ئاسمانییەکانیان لە دژی ئێران دەکاتەوە و دەڵێت: گورزێکی کەمەرشکێن لە ئێران دەدەین.

یەکشەممە، 15-06-2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و ژمارەیەک لە وەزیرانی کابینەکەی، ناوچە زیانلێکەوتووەکانی هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی ڕابردووی ئێرانیان بۆ سەر تەلئەڤیڤی پایتەخت و چەند شوێنێکی دیکە، بەسەر کردەوە. 

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە نوێترین پەیامیدا لەبارەی شەڕی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران، ڕایگەیاند "ئێران باجێکی قورسی کوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنی، لە نێویشیاندا، ئافرەت و منداڵان، دەدات."

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش دا "ئێمە شەڕ بۆ بوونمان دەکەین، باوەڕم وایە ئێستا هەموو هاووڵاتییەکی ئیسرائیل لەوە تێ دەگات." گوتیشی: "ئامانجە جەنگییەکانمان بەدی دێنین و ئەو مەترسییە ئەتۆمییەی ئێران دروستی دەکات، لەناو دەبەین. گورزێکی کەمەرشکێن لە ئێران دەدەین."

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 15-06-2025، ئێران زنجیرەیەک هێرشی نوێی مووشەکی بالیستی کردە سەر تەلئەڤیڤ و چەندان شوێنی دیکەی ئیسرائیل. بە گوێرەی سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکان، سوپای پاسداران، لە هێرشەکەدا زیاتر لە 80 مووشەکی بەکار هێناوە.

دانیال حەداد، گوتەبێژی پۆلیسی گشتیی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە ئەنجامی دوایین هێرشی ئێران بۆ سەر تەلئەڤیڤ و چەند ناوچەیەکی دیکە، 10 کەس کوژراون و زیاتر لە 180 کەسی دیکەش بریندار بوون.

گوتەبێژی پۆلیسی گشتیی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش دا، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی دوو ڕۆژی ڕابردووی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، 14 کەس کوژراون و زیاتر لە 400 کەسی دیکەش بریندار بوون. 

بە گوێرەی زانیاریی میدیاکانی ئیسرائیل، هێرشە مووشەکییەکانی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، زیانی بە زیاتر لە 70 باڵەخانەی نیشتەجێبوون و قوتابخانە و پەیمانگەی زانستی گەیاندووە. باسیش لەوە کراوە، زیاتر لە 35 کەس لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا گیریان خواردبوو، تیمەکانی بەرگریی شارستانی هەندێکیانی ڕزگارکردوون و کار بۆ ڕزگارکردنی ئەوانی دیکەش دەکەن.