پزیشکیان بۆ سوودانی: لەوانەیە هێرشەکانی ئیسرائیل وڵاتانی دیکەی ئیسلامیش بگرنەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق (ڕاست) و سەرۆک کۆماری ئێران (چەپ)
سەرۆک وەزیرانی عێراق (ڕاست) و سەرۆک کۆماری ئێران (چەپ)

یەکشەممە، 15-06-2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مەسعود پزیشکییان، سەرۆک کۆماری ئێران کرد. 

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سوودانی جەختی لە پابەندبوونی عێراق بۆ ڕێگریی لە فراوانبوونی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل کردەوە و ئاماژەی دا، بە هەوڵەکانی عێراق لە هەموو ڕوویەکەوە بۆ ڕێگریی لە پێشێلکردنی سەروەری و ئاسمانی وڵاتەکەی لە لایەن ئیسرائیلەوە. 

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، سوودانی ئامادەیی عێراقی بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەک بۆ ئێران دەربڕی.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەش کردووە، سەرۆک کۆماری ئێران سوپاسی عێراقی کردووە، بۆ هەڵوێستەکانی بۆ ڕەتکردنەوەی هەڵسوکەوتەکانی ئیسرائیل و هێرشە دووبارەکانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە و لە تاوانەکانی دژ بە گەلی فەڵەستین. 

پزیشکیان، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، جەختی لەسەر گرنگی گرتنەبەری هەڵوێستێکی یەکگرتووی وڵاتانی ئیسلامی لە دژی هێرشەکانی ئیسرائیل و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان کردووەتەوە و گوتوویەتی "لەوانەیە هێرشەکان، وڵاتانی دیکەی ئیسلامیش بگرنەوە."

سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و  چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت. 

ئێرانیش لە وەڵامی ئەو هێرشانە کە تا ئەمڕۆ یەکشەممەش، 15-06-2025، بۆ ناو خاکەکەی بەردەوامن، بە هەڵدانی سەدان مووشەک وەڵامی ئیسرائیلی داوەتەوە. عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران ڕایگەیاندووە، بەرپرسانی تەلئەڤیڤ باجێکی قورسی دەستدرێژییەکانیان دەدەن. 

هەرچی ئەمەریکاشە، چەند جارێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل بە تاک لایەنە هێرشی کردووەتە سەر ئێران و بە هیچ شێوەیەک بەشدارییان نەکردووە، بەڵام دەتوانن لە ماوەیەکی کەمدا شەڕی نێوان هەردوو وڵات بوەستێنن. 

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەردەوام داوا لە بەرپرسانی ئێران و ئیسرائیل دەکات دان بەخۆیاندا بگرن و شەڕەکە زیاتر فراوان نەکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەکیان ئاماژەیان بە کۆتاییهاتنی شەڕەکە نەکردووە. هاوکات میدیاکانی ئەمەریکا لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕایانگەیاندووە، چاوەڕێ دەکرێت شەڕی تاران و تەلئەڤیڤ چەند هەفتەیەک بخایەنێت، نەک چەند ڕۆژێک.