کونسوڵی چین وەڵامی ژمارەیەک پرسیار لەبارەی بڕیارنامەی ژمارە 2758ـی نەتەوە یەکگرتووەکان دەداتەوە

لیو جون، کونسوڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری لەبارەی  بڕیارنامەی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارە 2758 و چەند پرسێکی دیکەی دایەوە.

 

پرسیار1: بڕیارنامەی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارە 2758 چییە؟

لە میانی بیست و شەشەمین کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1971، ئەلبانیا، جەزائیر و  21 وڵاتی دیکە ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکیان پێشکەش کرد بۆ گەڕاندنەوەی مافە ڕەواکانی کۆماری میللی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەرکردنی دەستبەجێ نوێنەرانی گرووپی چیانگ کای شێک لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ڕێکخراوەکانی پەیوەست بەوەوە. ئەم بڕیارنامەیە بە زۆرینەی ڕەهای دەنگ، پەسەند کرا، ئەمە بڕیارنامەی ژمارە 2758 ی  ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانە. دەقی بڕیارنامەکەش بەم شێوەیەی خوارەوەیە: 

ئەنجوومەنی گشتی، 

بەبیرهێنانەوەی بنەماکانی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان،

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی گەڕاندنەوەی مافە ڕەواکانی کۆماری میللی چین زۆر گرنگە بۆ پاراستنی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو پرسەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستە خزمەتی بکات بەپێی میساقەکە.

بە داننان بەوەی کە نوێنەرانی حکوومەتی کۆماری میللی چین تاکە نوێنەری یاسایی چینن لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆماری میللی چین یەکێکە لە پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش،

بڕیار دەدات هەموو مافەکان بۆ کۆماری میللی چین بگەڕێنێتەوە و نوێنەرانی حکوومەتەکەی وەک تاکە نوێنەری شەرعی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان بناسێنێت و دەستبەجێ نوێنەرانی چیانگ کای شێک لەو شوێنە دەربکات کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و لە هەموو ڕێکخراوەکانی پەیوەست بەوەوە داگیریان کردووە.

ئەم بڕیارنامەیە هێزێکی یاسایی بەرفراوان و دەسەڵاتدار هەڵدەگرێت، و هەموو وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕێنمایی و پابەند دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە پەیوەندیدارەکانی تایوان بەپێی بنەمای یەک چین.

پرسیار 2: بۆچی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1971 بڕیارنامەی ژمارە 2758 ی پەسەند کرد؟

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1945 دامەزراوە، چین یەکێکە لە ئەندامی دامەزرێنەر و یەکێکە لە پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. لە ساڵی 1949 حکوومەتی کۆماری میللی چین دامەزرا، جێگەی حکوومەتی کۆماری چینی گرتەوە وەک تاکە حکوومەتی یاسایی کە نوێنەرایەتی تەواوی چین دەکات. ئەمەش بریتی بوو لە گۆڕینی حکوومەت بەبێ گۆڕینی چین وەک بابەتێکی یاسای نێودەوڵەتی. سەروەری چین و سنوورە خاکییە سروشتییەکانی نەگۆڕا. بەدڵنیاییەوە حکوومەتی کۆماری میللی چین سەروەری تەواوی بەسەر چیندا هەیە و بەکاریدەهێنێت، لەنێوانیاندا سەروەری بەسەر تایواندا.

 لە چوارچێوەی سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، بابەتێکی ئاسایی بوو کە حکوومەتی کۆماری میللی چین نوێنەر بۆ بەشداریی لە کارەکانی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانی دەستنیشان بکات، و نوێنەرانی دەسەڵاتدارانی تایوان کە چیتر نەیانتوانی نوێنەرایەتی گەلی چین بکەن، دەربکات. بەڵام بەهۆی دەستوەردانی حکوومەتی ئەمریکا، کورسیی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوەیەکی نایاسایی لەلایەن دەسەڵاتدارانی تایوانەوە بۆ ماوەیەکی زۆر داگیر کرا.

دوای دامەزراندنی کۆماری میللی چین، حکوومەتی چین و گەلی چین خەریکی خەباتێکی یەکلاکەرەوە بوون بۆ گەڕاندنەوەی کورسیی شەرعی خۆیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و پشتیوانی زۆریان لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە گەلانی ئاشتیخواز و دادپەروەر بەدەستهێنا.

لە ساڵانی شەستەکاندا، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پێگەی نێودەوڵەتی چین و چوونە ژوورەوەی بەردەوامی زۆرێک لە وڵاتانی تازە سەربەخۆ لە ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتین بۆ ناو نەتەوە یەکگرتووەکان، تا دەهات قورستر بوو بۆ ئەمریکا ڕێگریی لە کۆماری میللی چین بکات لە وەرگرتنەوەی کورسیی شەرعی خۆی لە نەتەوە یەکگرتووەکان.

وەک دەوترێت: “دۆزی دادپەروەرانە پشتگیری زۆری لێ دەکرێت  لە کاتێکدا دۆزی نادادپەروەرانە پشتگیری زۆری لێ ناکرێت”. لە 25 ی تشرینی یەکەمی 1971دا، لە بیست و شەشەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی ڕەهای دەنگ بڕیارنامەی ژمارە 2758 پەسەند کرا: بە  76 دەنگی بەڵێ،  35 دەنگی نەخێر و 17 لایەن کە دەنگیان نەدا. لە بڕیارنامەکەدا بڕیاردرا سەرجەم مافەکانی کۆماری میللی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان بگەڕێنرێتەوە و نوێنەرانی حکوومەتی کۆماری میللی چین وەک تاکە نوێنەری شەرعی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان بناسرێت و نوێنەرایەتی و کورسیی هەموو چین بە تایوانیشەوە بگەڕێندرێتەوە بۆ حکوومەتی کۆماری میللی چین.

بۆ گەلی چین ئەمە دادپەروەرییەکی دواکەوتوو بوو، پرسی نوێنەرایەتیی هەموو چین بە تایوانیشەوە لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە تەواوی چارەسەر کرا.

 

پرسیار 3: گرنگی مێژوویی بڕیارنامەی 2758ی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان چییە؟

گرنگی مێژوویی بڕیارنامەی 2758ی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەوەدایە کە دەرئەنجامی هەوڵە بەکۆمەڵەکانی هەموو ئەو وڵاتانەیە کە ئاشتییان خۆشدەوێت و دادپەروەری لە سەرانسەری جیهاندا دەپارێزن. ئەوە ئاماژەیە بەوەی کە گەلی چین کە چارەکێکی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن، گەڕانەوە سەر شانۆی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمەش وایکرد نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕاستی گشتگیرترین و نوێنەرایەترین و دەسەڵاتدارترین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی حکوومی بێت. 

ئەمە سەرکەوتنێکە بۆ گەلی چین و بۆ گەلانی جیهان، هەڵگری مانایەکی گەورە و کاریگەریی قووڵە هەم بۆ چین و هەم بۆ جیهان.

 گەڕاندنەوەی کورسی شەرعی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لاپەڕەیەکی نوێی هەماهەنگی نێوان چین و نەتەوە یەکگرتووەکانی کردەوە. زیاتر لە 50 ساڵە کۆماری میللی چین بە بەردەوامی پابەندە بە بەڵێنەکانیەوە و جێبەجێی دەکات.

بەرپرسیارێتی و ئەرکەکانی وەک ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەئەستۆ گرتووە، بەرگری لە میساق و بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، پارێزگاری لە دەسەڵات و پێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و پشتیوانی  لە ڕۆڵی ناوەندی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری نێودەوڵەتیدا کردووە، هەروەها ئەزمونکردنی فرەلایەنی و قووڵکردنەوەی هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان. بەشدارییەکی بەرچاوی کردووە لە بەرزڕاگرتنی یەکسانی و دادپەروەری نێودەوڵەتی، بەرەوپێشبردنی ئاشتی و گەشەپێدانی جیهانی، بەهێزکردنی هەماهەنگی دۆستانە لە نێوان وڵاتان و پێشخستنی دۆزی پێشکەوتنی مرۆیی.

            

پرسیار4: پەیوەندی نێوان بڕیارنامەی 2758ی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و بنەمای یەک چین چییە؟

مانای سەرەکی بنەمای یەک چین سێ لایەن لەخۆدەگرێت: تەنها یەک چین لە جیهاندا هەیە، هەرێمی تایوان بەشێکی دانەبڕاوی خاکی چینە و حکوومەتی کۆماری میللی چین تاکە حکوومەتی شەرعییە کە نوێنەرایەتی تەواوی چین دەکات.

بنەمای یەک چین بنچینە و بنەمای سیاسی بڕیارنامەی 2758ی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە بە فەرمی بنەمای یەک چین دووپات دەکاتەوە و بە تەواوی بەرجەستەی دەکات. بڕیارنامەکە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە تەنها یەک چین لە جیهاندا هەیە و هەرێمی تایوان بەشێکە لە چین و وڵات نییە. دووپاتی دەکاتەوە کە چین یەک کورسی لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەیە و حکوومەتی کۆماری میللی چین تاکە نوێنەری شەرعی تەواوی چینە، بە هەرێمی تایوانیشەوە. شتێک نییە بە ناوی “دوو چین” یان “یەک چین، یەک تایوان”.

دوای پەسەندکردنی بڕیارنامەی 2758، هەموو بەڵگەنامە فەرمییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە "پارێزگایەکی چین" ئاماژەیان بە تایوان کرد. و لە بۆچوونە یاساییە فەرمییەکان کە لەلایەن بەشی کاروباری یاسایی سکرتاریەتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاو کراونەتەوە، بە ڕوونی باس لەوە دەکەن کە "نەتەوە یەکگرتووەکان تایوان بە پارێزگایەکی چین دەزانێت و هیچ  پێگەیەکی جیاوازی نییە". و "'دەسەڵاتداران' لە 'تایپە'دا هیچ جۆرە پێگەیەکی حکوومەتییان نییە." ئەمە هەڵوێستی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە و ئەم هەڵوێستە بە ڕوونی پەسەند کراوە.

پەسەندکردنی بڕیارنامەی 2758 کاریگەری سیاسی بەرفراوان و قووڵی لەسەر پراکتیکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەبوو. بە شێوەیەکی کاریگەر بنەمای یەک چینی کردە ستاندەرێکی بنەڕەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کۆدەنگییەکی باو لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا. تا ئێستا 183 وڵات پەیوەندی دیپلۆماسییان لەگەڵ چین لەسەر بنەمای یەک چین دامەزراندووە و پەرەیان پێداوە.

 

پرسیار5: پەیوەندی نێوان بڕیارنامەی 2758ی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ بەڵگەنامە یاساییە نێودەوڵەتییەکانی وەک جاڕنامەی قاهیرە و جاڕنامەی پۆتسدام چییە؟

سەبارەت بە دووپاتکردنەوەی بنەمای یەک چین، بڕیارنامەی 2758ی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ڕۆحی بەڵگەنامە یاساییە نێودەوڵەتییەکان وەک جاڕنامەی قاهیرە، جاڕنامەی پۆتسدام و ئامرازە یاساییە نێودەوڵەتییەکانی دیکەدا یەکدەگرێتەوە.

لە 1ی کانونی یەکەمی ساڵی 1943 حکوومەتەکانی چین و ئەمریکا و بەریتانیا جاڕنامەی قاهیرەیان دەرکرد و تیایدا ئاماژەیان بەوەدا کە مەبەستیان ئەوەیە هەموو ئەو خاکانەی ژاپۆن لە چین داگیری کردووە وەک باکووری ڕۆژهەڵاتی چین و تایوان و دوورگەکانی پێنگو بگەڕێنرێنەوە بۆ چین. لە 26 ی تەمموزی 1945، جاڕنامەی پۆتسدام کە هەمان سێ وڵات ئیمزایان کرد و دواتر یەکێتی سۆڤیەتیش ئیمزای کرد، دووپاتی کردەوە کە "دەبێت مەرجەکانی جاڕنامەی قاهیرە جێبەجێ بکرێت". لە ئەیلوولی ساڵی 1945 ژاپۆن ئیمزای لەسەر بەڵگەنامەی خۆ بەدەستەوەدانی ژاپۆنی کرد و بەڵێنی دا "بە نیەتێکی باش بڕگەکانی جاڕنامەی پۆتسدام جێبەجێ بکات". ئەم بەڵگەنامە یاساییە نێودەوڵەتیانە لەوانەش جاڕنامەی قاهیرە، جاڕنامەی پۆتسدام و  بەڵگەنامەی خۆ بەدەستەوەدانی ژاپۆن هەموویان سەروەری چینیان بەسەر هەرێمی تایواندا پشتڕاست کردەوە. ئەم بەڵگەنامانە دەستکەوتی گەورەی شەڕی دژە فاشیستی جیهانین و وەک بەردی بناغەی یاسایی سیستەمی نێودەوڵەتی دوای جەنگ کاردەکەن. 

 

پرسیار6: زاراوەی "کۆماری چین" و "تایوان" لە بڕیارنامەی 2758ی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژەی پێناکرێت، ئایا ئەمە مانای ئەوەیە بڕیارنامەکە پەیوەندی بە تایوانەوە نییە؟

 “حکوومەتی کۆماری چین” ڕژێمێکی ڕووخێنراو بوو هەر بۆیە چیتر حکوومەتی شەرعی چین نەبوو. نەیدەتوانی نوێنەرایەتیی چین بکات کە دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا. بۆیە نابێت لە بڕیارنامەی 2758ی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ساڵی 1971 پەسەندکرا، زاراوەی "نوێنەرانی حکوومەتی کۆماری چین" بەکار بهێنرێت. نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییە و لە دەوڵەتانی خاوەن سەروەر پێک هاتووە و تەنیا نوێنەری ئەو وڵاتانە وەردەگرێت. و لەبەر ئەوەی تایوان بەشێکە لە چین و دەوڵەتێکی خاوەن سەروەر نییە، جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێگە بە تایوان نادات نوێنەر بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بنێرێت. بۆیە دەستەواژەی "دەرکردنی نوێنەرانی چیانگ کای شێک" بەکارهێنراە. کە ئەمەش دەستەواژەیەکی ورد و دروستە.

 

پرسیار7: بۆچی لۆجیکی نییە بڵێین بڕیارنامەی 2758ی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان "هیچ پەیوەندییەکی بە تایوانەوە نییە"؟

تایوان لە کۆنەوە خاکی چین بووە. مێژووی چین کە 10 هەزار ساڵ کولتوور و زیاتر لە 5 هەزار ساڵ شارستانیەت لەخۆ دەگرێت، شایەدیی ئەوە دەدات کە باوباپیرانمان بۆ ژیان و گەشەکردن ڕوویان لە تایوان کردووە؛ کە هاووڵاتییانمان لە هەردوو دیوی گەرووی تایوان بە هاوبەشی بەرەنگاری دەستدرێژیی دەرەکی بوون و تایوانیان وەرگرتەوە، و هاووڵاتیانی هەردوولا پێکەوە کاردەکەن بۆ نوێبوونەوەی نیشتمانی.

بەهۆی شکستی یەکەمین جەنگی چین و ژاپۆن لە ساڵی 1895، حکوومەتی شانشینی چینگ (1644- 1911) ناچار بوو دوورگەی تایوان و دوورگەکانی پێنگو ڕادەستی ژاپۆن بکات. تایوان بۆ ماوەی نیو سەدە لەلایەن هێزە بیانییەکانەوە داگیرکرا. جاڕنامەی قاهیرە لە ساڵی 1943 و جاڕنامەی پۆتسدام لە ساڵی 1945 بە ڕوونی ئاماژەیان بەو خاکانەی چین کردووە کە لەلایەن ژاپۆنەوە دەستی بەسەردا گیراوە، لەوانەش تایوان و دوورگەکانی پێنگو، کە پێویستە بگەڕێنرێنەوە بۆ چین. لە 2ی ئەیلوولی 1945، ژاپۆن بەڵگەنامەی خۆ بەدەستدانەوەی واژۆ کرد، و بەڵێنیدا بە دڵسۆزیەوە ئەو ئەرکانە جێبەجێ بکات کە لە بڕگەکانی جاڕنامەی پۆتسدامدا هاتووە. لە 25ی ئۆکتۆبەردا حکوومەتی چین دەستپێکردنەوەی سەروەری بەسەر تایوان ڕاگەیاند و لە تایپە لە هەرێمی تایوان لە شانۆی جەنگی چینی زلهێزەکانی هاوپەیمانان مەراسیمی خۆ بەدەستدانەوەی ژاپۆن بەڕێوە چوو.  لەو کاتەوە چین لە ڕێگەی کۆمەڵێک بەڵگەنامە کە کاریگەری یاسایی نێودەوڵەتییان هەیە، تایوانی بە شێوەیەکی یاسایی و واقیعی وەرگرتەوە. تایوان جگە لەوەی بەشێکە لە چین هیچ پێگەیەکی دیکەی یاسایی نێودەوڵەتی نییە.

بڕیارنامەی 2758ی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ساڵی 1971 پەسەند کرا،  لەسەر بنەمای ئەوەی چین دەوڵەتێکی تەواو و تایوان بەشێکە لە چین، ئەو پرسیارەی یەکلاکردەوە کە کێ نوێنەری شەرعی چینە؟ بڕیارنامەکە بە ڕوونی ڕایگەیاند کە "دەستبەجێ نوێنەرانی چیانگ کای شێک لەو شوێنانە دەربکرێن کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و لە هەموو ڕێکخراوەکانی پەیوەست بەوەوە داگیریان کردووە." چیانگ کای شێک، لەو کاتەدا سەرۆکی دەسەڵاتدارانی تایوان بووە و "نوێنەرانی چیانگ کای شێک" ئاماژەیان بە نوێنەرانی دەسەڵاتدارانی تایوان کردووە. لە میانی ئەو گفتوگۆیانەی کە بوونە هۆی ڕاگەیاندنی بڕیارنامەی 2758ی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا لەگەڵ چەند وڵاتێکدا یەکیان گرتبوو بۆ ئەوەی هەوڵی دروستکردنی "دوو چین" یان "یەک چین، یەک تایوان" بدەن و پاڵنانی پێشنیارێکی "دوو نوێنەرایەتی" بکەن. زۆرێک لە وڵاتان هەنگاویان نا و دژایەتی ڕوونی خۆیان دەربڕی و جەختیان لەوە کردەوە کە ئەو پێشنیارە "نایاساییە و ناتەبایە لەگەڵ واقیع و دادپەروەری و بنەماکانی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان". لە کۆتاییدا ئەو پێشنیارە نەیتوانی بگاتە دەنگدان و ڕەتکرایەوە. هەروەها "نوێنەری چیانگ کای شێک" دانی بەوەدانا کە "وڵاتانی دیکە هەمیشە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە تایوان بەشێکە لە خاکی چین، و منیش بە تەواوی بەگەڵ ئەم بۆچوونەدام"، هەروەها ئاماژەی بەوەش کردەوە کە "خەڵکی تایوان لە ڕووی ڕەگەز و مێژوو و کولتوورەوە چینین."

لە دەق و گفتوگۆکانی بڕیارنامەی 2758ی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە دانپێدانان بە نوێنەرانی حکوومەتی کۆماری میللی چین و دەرکردنی "نوێنەرانی چیانگ کای شێک" لە یەک کاتدا لە چوارچێوەی یەک چیندا ڕوویداوە. هەندێک لە هێزەکان کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بڕیارەکە "هیچ پەیوەندییەکی بە تایوانەوە نییە" دوورن لە ڕاستی، ئەمەش یان بەهۆی نەزانینی مێژووییەوە یان پاڵنەرە نهێنییەکان.

 

پرسیار8: بڕیارنامەی 2758 دان بەوەدا دەنێت کە "نوێنەرانی حکوومەتی کۆماری میللی چین تاکە نوێنەری شەرعی چینن لە نەتەوە یەکگرتووەکان". "تەنها نوێنەری شەرعی" واتای چییە؟

بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری تەنیا بە یەک حکوومەتی ناوەندی دەتوانێت نوێنەرایەتی بکرێت. بڕیارنامەکەش ڕوونی دەکاتەوە کە لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا تەنها یەک کورسی بۆ چین هەیە، ئەویش کۆماری میللی چینە و لە جیهاندا تەنها یەک چین هەیە، بۆیە شتێک نییە بە ناوی “دوو چین” یان “یەک چین، یەک تایوان”. حکوومەتی کۆماری میللی چین بە شێوەیەکی سروشتی سەروەری تەواوی بەسەر چیندا هەیە و بەکاری دەهێنێت، لەنێویاندا سەروەری بەسەر تایواندا.

 

پرسیار9: بۆچی بەرەنگاری بڕیارنامەی 2758ی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرەنگارییە بۆ سیستەمی نێودەوڵەتی دوای جەنگی جیهانی دووەم و دەسەڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان؟

بڕیارنامەی 2758 بە ڕوونی باس لەوە دەکات کە "بە ئاماژەدان بە بنەماکانی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان"، "گەڕاندنەوەی مافە ڕەواکانی کۆماری میللی چین زۆر گرنگە بۆ پاراستنی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو پرسەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستە خزمەتی بکات بەپێی میساقەکە."  ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی ڕوونی بڕیارنامەکەیە سەبارەت بە بەرزڕاگرتنی دەسەڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان. نەتەوە یەکگرتووەکان ناوەندی نەزمی نێودەوڵەتی دوای جەنگی جیهانی دووەمە. گەڕاندنەوەی کورسی شایستەی کۆماری میللی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان، گەڕانەوەی گەلی چین بوو کە نوێنەرایەتی چارەکێکی دانیشتوانی جیهان دەکەن بۆ سەر شانۆی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەم بابەتە گرنگییەکی گەورە و فراوانی هەیە بۆ سەر چین و جیهان. هەر هەوڵێک بۆ بەرەنگاری بڕیارنامەی  2758 نەک تەنها بەرەنگارییە بۆ سەروەری چین و یەکپارچەیی خاکی چین، بەڵکو بەرەنگارییە بۆ دەسەڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها نەزمی نێودەوڵەتی دوای جەنگی جیهانی دووەم. پێچەوانەکردنەوەی ڕەوتی مێژوو بە ئاشکرا شتێکی بێمانایە و زۆر مەترسیدارە.

 

 پرسیار10: بۆچی هەندێک کەس لە ئەمریکا هەوڵ دەدەن بە شێوەیەکی زیانبەخش بڕیارنامەی 2758ی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سیاسی بکەن؟  

ئەمریکا وەک وڵاتێک کە ئیمزای لەسەر جاڕنامەی قاهیرە و جاڕنامەی پۆتسدام کردووە، بە تەواوی ئاگاداری ئەو ڕاستییە مێژوویی و یاساییە کە تایوان بەشێکە لە چین. بنەمای یەک چین بناغەی سیاسی پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا پێک دەهێنێت. ئەمریکا لە سێ بەیاننامە هاوبەشەکەیدا کە لەگەڵ چین ئیمزایان کردووە، بەڵێنی جددی لەبارەی پرسی تایوانەوە داوە. لایەنی ئەمریکی بە ڕوونی ئەوەی خستۆتە ڕوو کە حکوومەتی ئەمریکا حکوومەتی کۆماری میللی چین وەک تاکە حکوومەتی شەرعی چین دەناسێت و دان بە هەڵوێستی چیندا دەنێت کە یەک چین هەیە لە جیهاندا و تایوان بەشێکە لە چین. ئەم پابەندبوونە سیاسییە بناغەی سیاسی پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمریکا پێکدەهێنێت، و بریتییە لە جەوهەری سیاسەتی یەک چین کە ئەمریکا پەیڕەوی دەکات و بە تەواوی لەگەڵ ڕۆحی بڕیارنامەی 2758دا یەکدەگرێتەوە. لەو کاتەوە هەموو ئیدارەکانی ئەمریکا بەڵێنی ڕوونیان لەسەر پرسی تایوان داوە و دانیان بەوەدا ناوە کە پابەندبوون بە بڕیارنامەی 2758 ئەرکێکە کە ئەمریکا پێویستە وەک ئەندامێکی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێی بکات.

لەم ساڵانی ڕابردوودا هەندێک کەس لە ئەمریکا هەڵوێستی خۆیان پێچەوانە کردۆتەوە و هەرایان لەسەر بڕیارنامەی 2758ی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ناوەتەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بڕیارنامەکە ئاماژەی بە پێگەی سیاسی تایوانی نەکردووە. بەڵام ئەوەی پێی دەوترێت پێگەی دیارینەکراوی تایوان هیچی تر نییە جگە لە بوژانەوەی بابەتی "یەک چین، یەک تایوانی" ساڵی 1971. لە پشت ئەمەشەوە بیرکردنەوەی هەژمونگەرایی ئەمریکا و بیرکردنەوەی جەنگی ساردە کە چین وەک ڕکابەری ستراتیجیی سەرەکیی ئەمریکا و توندترین بەرەنگاری درێژخایەن دەبینێت. لە ژێر ڕۆشنایی ئەمەشدا، ئەمریکا بە بەکارهێنانی “کارتی تایوان” هەوڵی کۆنترۆڵکردن و سەرکوتکردنی چین دەدات.

بەرەنگاری بڕیارنامەی 2758، ڕاستییە مێژوویی و یاساییەکان پشتگوێ دەخات و پێچەوانەی ئەو بەڵێنە سیاسییە جددیانەیە کە ئیدارەکانی ئەمریکا دوا بەدوای یەک لە سێ بەیاننامەی هاوبەشی نێوان چین و ئەمریکادا داویانە. ئەمەش دوو ستاندارد و کرداری هەژموونگەرانەی هەندێک لە هێزەکانی ئەمریکا ئاشکرا دەکات کە یاسای نێودەوڵەتی و بنەما سەرەتاییەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئەو کاتەی بۆیان بگونجێت جێبەجێ دەکەن، و ئەو کاتەی لە بەرژەوەندی خۆیان نەبێت پشتگۆی دەخەن. سەردەمی هەژموون و دەسەڵاتی باڵادەست بەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا کۆتایی هاتووە، بەکارهێنانی "کارتی تایوان" و هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی چین پێچەوانەی ڕەوتە جیهانییە بنەڕەتییەکانە و بەدڵنیایەوە شکست دەهێنێت.

 
Fly Erbil Advertisment