ترەمپ: ئێران و ئیسرائیل دەگەیەنینە ئاشتی
سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: هاوشێوەی هیندستان و پاکستان، ڕێککەوتنێک بۆ ڕاگەیاندنی ئاشتی لە نێوان ئێران و ئیسرائیل دەکەم. جەختی لەوە کردەوە، مەزنی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێنمەوە.
یەکشەممە 15ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس، نوسیوویەتی: کۆبوونەوە و پەیوەندیی زۆر بۆ ئاشتیی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەکرێت، هەردوولایان دەگەیەنمە ڕێککەوتن.
سەرۆکی ئەمەریکا، باسی لەوە کرد، هاوشێوەی هیندستان و پاکستان، ڕێککەوتنێک بۆ ڕاگەیاندنی ئاشتی لە نێوان ئێران و ئیسرائیل دەکەم، هەروەها مەزنی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێنمەوە.
هەر ئەمەڕۆ، ترەمپ، لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە دابوو، ئەمەریکا پەیوەندی بە هێرشەکەی شەوی ڕابردووی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نەبووە. باسی لەوەش کردبوو، ئەگەر هێرشیشمان بکرێتە سەر ئەوا وەڵامی هێزە چەکدارەکانمان لە ئاستێکدا دەبێت کە هەرگیز نەتانبینوە.
ئاماژەی بەوەش کردبوو، دەتوانن بە ئاسانی بگەنە ڕێککەوتنێک لە نێوان ئێران و ئیسرائیل، بۆ کۆتایهێنان بەم پێکدادانەکانی نێوانیان.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و، چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.