ئێران، تەلئەڤیڤ و حەیفای بۆردومان کرد
شەپۆلێکی دیکەی مووشەکەکانی ئێران گەیشتنە ئاسمانی ئیسرائیل و چەند ئامانجێکیان لەو وڵاتەدا پێکا.
یەکشەممە 15ـی حوزەیرانی 2025، مێدیا عەرەبییەکان بڵاویان کردەوە، ئێران گەڕێکی دیکەی هیرشەکانی لە ڕێگەی مووشکی بالیستییەوە، لەژێر ناوی "بەڵێنی ڕاستگۆیی 3" ئاراستەی ئیسرائیل کرد.
ئاماژەیان بەوە دا، مووشەکەکان لە شاری شیرازی ئێرانەوە بەرەو هەردوو شاری تەلئەڤیڤ و حەیفا هەڵدران، مووشەکێکیان لە حەیفا کەوتە خوارەوە لە ئەنجامدا بووە هۆی تەقینەوەیەکی گەورە و ئاگرێکی زۆر لە شوێنکە بەرز بووەوە.
لای خۆیەوە مێدییاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند: لە سەرانسەری ئیسرائیل زەنگی ئاگادارکردنەوە لێ دراوە و داوا لە هاووڵاتییان کراوە بچنە پەناگەکانیان و نەیەنە دەرەوە.
باسیان لەوەش کرد، هێزی بەرگری ئاسمانیی ئیسرائیل، ڕێگری لە کەوتنەخوارەوەی زۆرینەی مووشەکەکان کردووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوو ئێران هێرشی زیاتر بکات.
بەڕێوەبەرایەتیی فریاگوازریی ئیسرائیل ڕایگەیاند: بەهۆی کەوتنە خوارەوەی مووشەک، ژمارەیەک هاووڵاتی لە حەیفا بریندار بوون.