پزیشکیان: ئەگەر هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوام بن، وەڵامی ئێران توندتر دەبێت
سەرۆک کۆماری ئێران دووپاتی دەکاتەوە، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کە بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک سەرکردەی سەربازیی و هاووڵاتی مەدەنی، ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە تەلئەڤیڤ یاسا نێودەوڵەتییەکانی پشتگوێ خستوە.
یەکشەممە 15ـی حوزەیرانی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێک ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەردەوام بن، وەڵامی تاران یەکلاکەرەوە و توندتر دەبێت بۆیان.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، کە ئەمەریکا ڕاستەوخۆ ڕۆڵی هەیە لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران. دەشڵێت: بەرپرسێکی ئەمەریکی بە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەمانی راگەیاندووە، ئیسرائیل بەبێ داگیرساندنی گڵۆپی سەوزی واشنتن هیچ کارێک ناکات.
سەرۆک کۆماری ئێران، گوتیشی: تاران شەری نەدەویست، بەڵام ئەگەر ئەگەر هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوام بن، تاران زۆر بە بەهێزی وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کە بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک سەرکردەی سەربازیی و هاووڵاتی مەدەنی، ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە تەلئەڤیڤ یاسا نێودەوڵەتییەکانی پشتگوێ خستوە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و، چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.