ئێران هێرشێکی دیکەی چڕی مووشەکی و درۆنی دەست پێ کرد

میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، کەمێک لەمەوبەر شەپۆلێکی دیکەی هێرشی مووشەکی و درۆن بۆ سەری ئیسرائیل دەستی پێکرد.

ئاژانسی تەسنیم بڵاوی کردووەتەوە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەڵێنی ڕاستگۆیی سێ، دەیان مووشەکی بالیستی و درۆن ئاراستەی چەند ئامانجێک لە تەلئەڤیڤ، حەیفا، فڕۆکەخانەی بنگۆریۆن کران.

سوپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژەیداوە، ئەپەراسیۆنی هێرشە مووشەکی و درۆنەکان بۆ بەرپەرچدانەوەی سنوور بەزێنییەکانی ڕژێمی ئیسرائیلە بۆ ئاسمان و خاکی کۆماری ئێران، کە بەهۆیەوە پۆلێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران و زانا ئەتۆمییەکان و خەڵکی بێ تاوان شەهید کراون.

لە دەست پێکی چوارەمین ڕۆژی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر یەک، ئەمە یەکەم شەپۆلی هێرشی مووشەکی و درۆنی ئێرانە بۆ سەر ئیسرائیل، هەروەها لە کاتێکدایە کە ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، سوپای پاسداران بە فەرمی هەواڵی کوژرانی هەر یەک لە محەممەد کازمی، سەرۆکی هەواڵگری سوپا، حەسەن موحەقیق، جێگری سەرۆکی هەواڵگریی سوپا و موحسین باقری، فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانی، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل پشتڕاست کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی سوپای پاسداراندا هاتووە، هێزەکانی ئیسرائیل خەڵکی مەدەنی و شوێنی نشتەجێبوونی هاووڵاتییان بە ئامانج گرتووە و ئەو سێ فەرماندە باڵایەشیان تیرۆر کردووە. هەروەها سوپای پاسداران بەڵێنیداوە، تۆڵەی خوێنی فەرماندەکانی بکاتەوە و هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل چڕتر بکاتەوە.