ئیسرائیلیش هێرشی مووشەکی دەست پێ کرد

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: هێرشی مووشەکی زەمینی بۆ زەمینیمان بۆ سەر ئیران دەست پێ کرد.

پێگەی هەواڵی کانی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بەشێویەکی کتوپڕ سەکۆی مووشەک هاوێژی لە سەنتەری ئێران بۆردوومان کرد.

هەروەها ئاماژەشی داوە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ ڕێگریکردن بوو لە هێرشە مووشەکییە پێشبینی کراوەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل.

تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران ڕایگەیاندووە، سیستەمی بەرگریی وڵاتەکەیان بەرپەرچی هێرشەکانی ئیسرائیل لە تاران، مەشهەد و کەرج دەدەنەوە.

هەروەها ئاماژەشی دا، دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێز لە باکووری تاران بیستراوە.

هاوکات لەگەڵ هێرشەکان ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تەقینەوەیەکی بومەلەرز ئاسا لە شاری قوم هەستی پێکراوە، کە شارەکە نزیکە لە دامەزراوەی ئەتۆمی فەردو.

بەر لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئاژانسی تەسنیم بڵاوی کردبووە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەڵێنی ڕاستگۆیی سێ، دەیان مووشەکی بالیستی و درۆن ئاراستەی چەند ئامانجێک لە تەلئەڤیڤ، حەیفا، فڕۆکەخانەی بنگۆریۆن کران.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی کتوپڕ هێرشی کردە سەر دامەزراوە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی "هەستانەوەی شێر"ـی ڕاگەیاند.

هاوکات ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئەپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆی 3"ـی ڕاگەیاند، کە تاوەکوو ئێستا چەندین جار هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووتە سەر ئیسرائیل. 

بە گوێرەی ئاژانسی مێهر، حوسێن کرمانپوور، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاندووە، دوای تێپەڕبوونی 65 کاتژمێر بەسەر زنجیرە هێرشەکانی ئیسرائیل 224 هاووڵاتی کوژراون، کە لە نێوانیاندا ئافرەت و منداڵیش هەن.

هەروەها ئاماژەیداوە،  هەر بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل 1481 هاووڵاتی برینداربوون، کە 1277 کەس لە بریندارەکان تاوەکوو ئێستاش لە نەخۆشخانەکان چارەسەری تەندروستیان بۆ دەکرێت، لە نێویشیاندا %90ـیان خەڵکی سڤیلن.