لە هێرشێکی مووشەکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل 8 کەس کوژران و بەدەیان کەسی دیکەش بریندار بوون

سەرچاوە پزیشکییەکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2025، بەهۆی هێرشێکی بالیستی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل 8 کەس کوژاران و 95 کەسی دیکەش بریندار بوون جگە لە چوارکەسی دیکە کە بێ سەروشوێنن.

میدیا ناوخۆییەکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە، بەهۆی مووشەکەکانی ئیڕان زەنگی ئاگادرکردنەوە لە سەرانسەری ئیسرائیل لێ دراوە.

لای خۆیەوە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکەدا ئاگر لە وێستگەی کارەبای حەیفا کەوتەوە.

دواتر کۆمپانیای کارەبای ئیسرائیل زیانەکانی بەهۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکانەوە لە چەند شوێنێک ڕاگەیاند. هەروەها سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە "بە سیستەمی بەرگریی کاردەکەن بۆ ڕێگریکردن لە هەڕەشەکان".

سوپای ئیسرائیل بە ئیسرائیلییەکانی ڕاگەیاندووە "پێویستە لەگەڵ زەنگی ئاگادار کردنەوە دەستبەجێ بچنە ناو ناوچە پارێزراوەکانەوە و لەوێ بمێننەوە، تا ئاگادارکردنەوەیەکی دیکەیان پێ ڕادەگات."

ئاماژەی بەوەش کردووە، "ڕێگەیان پێنادرێت ناوچەی پارێزراو بەجێبهێڵیت تەنیا دوای وەرگرتنی ڕێنمایی ڕوون نەبێت. پێویستە بەپێی ڕێنماییەکانی فەرماندەیی بەرەی ناوخۆ بەردەوام بیت لە کارکردن".

هەروەها سوپا نەخشەیەکی هۆشداری لە مووشەکەکانی ئێران بڵاوکردۆتەوە و لەسەری نوسراوە "هەر بازنەیەکی سور لەسەر ئەم نەخشەیە نوێنەرایەتی سەدان کەس دەکات لە ئیسرائیل."

لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "جارێکی دیکە ئێران مووشەکی ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد وخەڵکی مەدەنی کردە ئامانج، بەوەش ناچارمان دەکات بەردەم بین لەم شەڕە."  

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment