سوپای پاسداران: دوو لە فەرماندەکانمان لە هێرشی ئیسرائیلدا کوژران

سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە، ڕایگەیاند "دوو لە فەرماندەکانمان لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی ئیجرود لە پارێزگای زەنجان لە باکووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە کوژران."

سوپای پاسداران ڕاشیگەیاند "فەرماندە سەردار رەزا نەجەفی و پاسدار حەسەن ڕەسولی" لە هێرشەکەی ئیسرائیل لە بەرەباینی ئەمڕۆدا کوژراون."

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2025 سوپای ئیسرائیل، بە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بارەگاکانی سەر بە سوپای قودس، سوپای پاسداران و سوپای ئێران لە تاران و هەروەها شوێنە سەربازییەکانی ناوەڕاستی ئێران وێران کرد.

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ناوەندەکانی فەرماندەیی سەر بە سوپای قودس و سوپای ئێران" لە تاران. ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو بارەگایانە "بۆ پلاندانان بۆ هێرشی تیرۆریستی دژی دەوڵەتی ئیسرائیل لەڕێگەی بریکارەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" بەکارهێنراون.

ئەم ئامانجانە بریتی بوون لە شوێنێک بۆ بەرهەمهێنانی سیستەمی بەرگریی و مووشەک، شوێنێک بۆ بەرهەمهێنانی سووتەمەنی بۆ جۆرە جیاوازەکانی مووشەک و بزوێنەری مووشەکی ڕووکار بۆ سەرزەوی.

ناکۆکییەکانی ئێران و ئیسرائیل پێی ناوتە چوارەمین ڕۆژ و ڕۆژانە بە بەردەوامی هێرش دەکەنە سەر یەکتر.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی کتوپڕ هێرشی کردە سەر دامەزراوە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی "هەستانەوەی شێر"ـی ڕاگەیاند.

لای خۆیەوە ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئەپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆی 3"ـی ڕاگەیاند.

 

 

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment