ڕۆیتەرز: کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمەریکی دێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ئاژانسی 'ڕۆیتەرز' ڕایدەگەیەنێت، کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمەریکی بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێ کەوتووە.
ئاژانسی هەواڵی 'ڕۆیتەرز' بڵاوی کردووەتەوە، بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 16-06-2025، کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەمەریکیی 'USS Nimitz' لە دەریای باشووری چینەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێ کەوتووە.
تا ئێستا وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا بە شێوەیەکی فەرمی ڕەوانەکردنی ئەو کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕانەگەیاندووە.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کردووە بەشداریی شەڕی وڵاتەکەیان لە دژی ئێران بکەن، بەڵام تا ئێستا ترەمپ ڕەزامەندی دەرنەبڕیوە.
دوێنێ یەکشەممە، 15-06-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەوەستێنێت، وەک چۆن شەڕی هیندستان و پاکستانی ڕاگرت. باسی لەوەش کرد، پێویستە ئەو شەڕە کۆتایی بێت.
سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە تا ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 15-06-2025، 244 کەس کوژراون و زیاتر لە هەزار و 480ـی دیکەشیان بریندار بوون.
ئێرانیش لە وەڵامی ئەو هێرشانە، ڕۆژانە بە هەڵدانی دەیان مووشەک بۆ نێو تەلئەڤیڤی پایتەخت و پارێزگاکانی دیکە، وەڵامی ئیسرائیلی دەداتەوە. بە گوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران، 20 کەس کوژراون و زیاتر لە 500ـی دیکەشیان بریندار بوون.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەردەوام داوا لە بەرپرسانی ئێران و ئیسرائیل دەکات دان بەخۆیاندا بگرن و شەڕەکە زیاتر فراوان نەکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەکیان ئاماژەیان بە کۆتاییهاتنی شەڕەکە نەکردووە. هاوکات میدیاکانی ئەمەریکا لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕایانگەیاندووە، چاوەڕێ دەکرێت شەڕی تاران و تەلئەڤیڤ چەند هەفتەیەک بخایەنێت، نەک چەند ڕۆژێک.