خالد عەباس: سەدا 83ـی دەنگدەرانی دهۆک لە بایۆمەتری تۆمار کراون

لێدوانی ڕۆژنامەوانیی خالد عەباس، بەرپرسی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
لێدوانی ڕۆژنامەوانیی خالد عەباس، بەرپرسی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق

بەرپرسی لقی دهۆکی کۆمیسیۆن دووپاتی دەکاتەوە، بەرزترین ڕێژەی بایۆمەتری لە پارێزگاکەیان تۆمار کراوە. دەشڵێت: هیچ بڕیارێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکە نییە. 

دووشەممە، 16-06-2025، خالد عەباس، بەرپرسی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، وردەکاریی ئامارەکاییەکانیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و ڕێژەی نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری، ڕاگەیاند. 

لەبارەی کاریگەریی شەڕی ئێران و ئیسرائیل لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، خالد عەباس دووپاتی کردەوە، تا ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکە نییە و هاوشێوەی هەموو لقەکانی دیکەی کۆمیسیۆن، لە ئامادەکارییەکانیان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکە بە باشترین شێوە، بەردەوامن. 

خالد عەباس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا "لە کۆی گشتیی 944 هەزار دەنگدەر لە سنووری پارێزگای دهۆک، سەدا 83ـیان لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار کراون کە بەرزترین ڕێژەیە لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق."

بەرپرسی لقی دهۆکی کۆمیسیۆن ئەوەشی خستە ڕوو "بڕیار بوو دوێنێ یەکشەممە، 15-06-2025، وادەی نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری تەواو ببێت، بەڵام بە بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی سەر بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، وادەکە تا ڕۆژی هەینی، 20-06-2025، درێژ کراوەتەوە. دوای ئەو وادەیە هەر دەنگدەرێک خۆی تۆمار نەکردبێت، ناتوانێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بەشداریی بکات."

خالد عەباس گوتیشی: "بۆ بەڕێوەبردنی هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتیی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، لە سنووری پارێزگای دهۆک پێویستیمان بە نزیکەی 10 هەزار کارمەندی سەر سندووقەکانی دەنگدان هەیە. بەسترێکمان لە ماڵپەری کۆمیسیۆن داناوە و تا ڕۆژی 06-07-2025، چالاک دەبێت. هاووڵاتییان و فەرمانبەران دەتوانن لەو ڕێگەیەوە داواکاری بۆ بوون بە کارمەندی کۆمیسیۆن بە شێوەی گرێبەست پێشکەش بکەن."

بــە گوتەی بەرپرسی لقی دهۆکی کۆمیسیۆن "زیاتر لە 33 هەزار ئاوارە لە سنووری پارێزگای دهۆک لە بایۆمەتریدا تۆمار کراون؛ هەموو پێدوایستییەکیان بۆ دابین کراوە و هەمووان دەتوانن لە ناوەوە و دەرەوەی کەمپەکان بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بکەن؛ بەڵام دەنگەکانیان بۆ کاندیدانی سنووری پارێزگای نەینەوا هەژمار دەکرێن، نەک پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان."

لەبارەی تۆمارکردنی کاندید و پارتە سیاسییەکان، خالد عەباس گوتی: تا ئێستا چوار کاندیدی سەربەخۆ لە سنووری پارێزگای دهۆک خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق کاندید کردووە؛ زۆرینەی پارتە سیاسییەکانی سنووری پارێزگاکەمان ڕەزامەندی خۆیان بۆ بەشداریکردن دەربڕیوە.

بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ، ڕۆژی 11-11-2025، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە دەچێت.