ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل: ئێران هەزاران مووشەکی بالیستی هەیە
تساحی هەنگبی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئێران هێشتا خاوەنی "هەزاران مووشەکی بالیستی"یە، کە ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە کە مەزەندە دەکرا.
دووشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2025، تساحی هەنگبی، بە ڕادیۆی سوپای ئیسرائیلی ڕاگەیاند، ئەمە شەڕێک نییە توانای کۆتایی هێنان بە هەڕەشەکانی ئێرانی هەبێت.
گوتیشی: ئێران خاوەنی هەزاران مووشەکی بالیستیە، زحۆر لەوە زیاترە کە پیشتر مەزەندە دەکرا.
شرۆڤەکارانی سەربازییش دەڵێن: ڕەنگە ئێران لەنێوان 1500 بۆ 2000 مووشەکی هەبێت، هەرچەندە پێشتر سەدان مووشەکیی بۆ ئیسرائیل هەڵداوە و ڕەنگە هەندێکیش لە هێرشەکانی ئیسرائیل لەناو چووبێت.
ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی لەناکاو هێرشی کردە سەر ئێران و چەندین سەرکردەی باڵای سەربازی ئەوڵاتە کوژران.
ئیسرائیل ڕاشیگەیاند، هێرشەکە تاوەکوو چەند ڕۆژی داهاتوو بەردەوام دەبێت، ئێرانیش بەلێنی داوە، "دەروازەکانی دۆزەخ" بەسەر ئیسرائیلدا بکاتەوە.
سوپای ئیسرائیلیش ئاشکرای کردووە، ئامانجی ئێستای ئەم هێرشە گۆڕینی حکوومەتی ئێران نییە، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکە بالیستییەکانی تارانە.
سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە تا ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 15-06-2025، 244 کەس کوژراون و زیاتر لە هەزار و 480ـی دیکەشیان بریندار بوون.
ئێرانیش لە وەڵامی ئەو هێرشانە، ڕۆژانە بە هەڵدانی دەیان مووشەک بۆ نێو تەلئەڤیڤی پایتەخت و پارێزگاکانی دیکە، وەڵامی ئیسرائیلی دەداتەوە. بە گوێرەی نووسینگەی بنیامنین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران، 24 کەس کوژراون و زیاتر لە 500ـی دیکەشیان بریندار بوون.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەردەوام داوا لە بەرپرسانی ئێران و ئیسرائیل دەکات دان بەخۆیاندا بگرن و شەڕەکە زیاتر فراوان نەکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەکیان ئاماژەیان بە کۆتاییهاتنی شەڕەکە نەکردووە. هاوکات میدیاکانی ئەمەریکا لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕایانگەیاندووە، چاوەڕێ دەکرێت شەڕی تاران و تەلئەڤیڤ چەند هەفتەیەک بخایەنێت، نەک چەند ڕۆژێک.