ترەمپ لەبارەی شەڕی ئێران و ئیسرائیل: هەندێکجار بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن دەبێت بجەنگیت

لێدوانی ڕۆژنامەوانیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا
لێدوانی ڕۆژنامەوانیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا

سەرۆکی ئەمەریکا هیوادەخوازێت ئێران و ئیسرائیل بگەنە ڕێککەوتن و دەڵێت: هەندێکجار بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن دەبێت بجەنگیت.

دووشەممە، 16-06-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا کە ڕەحیم ڕەشیدی، پەیامنێری کوردستان24ـیش ئامادەی بوو، باسی لە شەڕی ئێستای نێوان ئێران و ئیسرائیل و گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کرد. 

سەرۆکی ئەمەریکا  لەبارەی ئەگەری ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان تاران و تەلئەڤیڤ، گوتی: "هیوادارم ئێران و ئیسرائیل بگەنە ڕێککەوتن، پێموابێت ئێستا کاتی ڕێککەوتنە."

 ترەمپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دووپاتی کردەوە "هەندێکجار بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن دەبێت بجەنگیت. بزانین چی ڕوو دەدات؟ پێموابێت دەرفەتێکی باشە ئەگەر ڕێککەون."

 

 

سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و  چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت. 

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە تا ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 15-06-2025، 244 کەس کوژراون و زیاتر لە هەزار و 480ـی دیکەشیان بریندار بوون. 

ئێرانیش لە وەڵامی ئەو هێرشانە، ڕۆژانە بە هەڵدانی دەیان مووشەک بۆ نێو تەلئەڤیڤی پایتەخت و پارێزگاکانی دیکە، وەڵامی ئیسرائیلی دەداتەوە. بە گوێرەی نووسینگەی بنیامنین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران، 24 کەس کوژراون و زیاتر لە 500ـی دیکەشیان بریندار بوون. 

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەردەوام داوا لە بەرپرسانی ئێران و ئیسرائیل دەکات دان بەخۆیاندا بگرن و شەڕەکە زیاتر فراوان نەکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەکیان ئاماژەیان بە کۆتاییهاتنی شەڕەکە نەکردووە. هاوکات میدیاکانی ئەمەریکا لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕایانگەیاندووە، چاوەڕێ دەکرێت شەڕی تاران و تەلئەڤیڤ چەند هەفتەیەک بخایەنێت، نەک چەند ڕۆژێک.