لەبارەی بەشداریی ئەمەریکا لە شەڕی ئێران و ئیسرائیل، پرۆژەیاسایەک دەنێردرێتە کۆنگرێس
لەبارەی ئەگەری بەشداریی ئەمەریکا لە شەڕی ئێران و ئیسرائیل، پرۆژەیاسایەک پێشکەشی کۆنگرێسی دەکرێت.
دووشەممە، 16-06-2025، تیم کەین، ئەندامی حزبی دیموکراتەکان لە بازنەی ڤێرجینییا، لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا و ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لە ماڵپەری تایبەتی خۆی، ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی شەڕی ئێستای ئێران و ئیسرائیل و ئەگەری بەشداریی وڵاتەکەی لە شەڕەکەدا، بڵاو کردەوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کردووە، پرۆژەیاسایەکیان پێشکەشی کۆنگرێس کردووە، بە مەبەستی ئەوەی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا نەتوانێت ڕاستەوخۆ بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس، بڕیاری بەشداریی لە شەڕی ئێران و ئیسرائیل، یان هەر شەڕێکی دیکەدا بدات.
تیم کەین دەڵێت: "لە بەرژەوەندیی ئاسایشی نەتەوەیی ئێمەدا نییە بچینە شەڕەوە لەگەڵ ئێران مەگەر ئەو شەڕە بۆ بەرگری لە ئەمریکا بەتەواوی پێویست نەبێت، من زۆر نیگەرانم لەوەی کە پەرەسەندنی ئەم دواییەی دوژمنایەتییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران بە خێرایی ئەمەریکا بکێشێتە ناو ململانێیەکی دیکەی بێکۆتایی".
سێناتۆرەکە باسی لەوەش کردووە "گەلی ئەمەریکا هیچ بەرژەوەندییەکی نییە لە ناردنی سەرباز بۆ شەڕێکی هەمیشەیی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست." باسی لەوەش کردووە، پرۆژەیاساکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆنگرێس تاکە دەسەڵاتی ڕاگەیاندنی شەڕی هەیە، وەک لە دەستووردا هاتووە.
دووشەممە، 16-06-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا کە ڕەحیم ڕەشیدی، پەیامنێری کوردستان24ـیش ئامادەی بوو، باسی لە شەڕی ئێستای نێوان ئێران و ئیسرائیل و گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کرد.
سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی ئەگەری ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان تاران و تەلئەڤیڤ، گوتی: "هیوادارم ئێران و ئیسرائیل بگەنە ڕێککەوتن، پێموابێت ئێستا کاتی ڕێککەوتنە."
ترەمپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دووپاتی کردەوە "هەندێکجار بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن دەبێت بجەنگیت. بزانین چی ڕوو دەدات؟ پێموابێت دەرفەتێکی باشە ئەگەر ڕێککەون."
سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە تا ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 15-06-2025، 244 کەس کوژراون و زیاتر لە هەزار و 480ـی دیکەشیان بریندار بوون.
ئێرانیش لە وەڵامی ئەو هێرشانە، ڕۆژانە بە هەڵدانی دەیان مووشەک بۆ نێو تەلئەڤیڤی پایتەخت و پارێزگاکانی دیکە، وەڵامی ئیسرائیلی دەداتەوە. بە گوێرەی نووسینگەی بنیامنین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران، 24 کەس کوژراون و زیاتر لە 500ـی دیکەشیان بریندار بوون.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەردەوام داوا لە بەرپرسانی ئێران و ئیسرائیل دەکات دان بەخۆیاندا بگرن و شەڕەکە زیاتر فراوان نەکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەکیان ئاماژەیان بە کۆتاییهاتنی شەڕەکە نەکردووە. هاوکات میدیاکانی ئەمەریکا لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕایانگەیاندووە، چاوەڕێ دەکرێت شەڕی تاران و تەلئەڤیڤ چەند هەفتەیەک بخایەنێت، نەک چەند ڕۆژێک.