سێرگی ڕیابكۆڤ: ئێران مافی به‌رگریكردنی هه‌یه‌

جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا ڕایده‌گه‌یه‌نێت، له‌گه‌ڵ واشنتن هێرشه‌كانی ئیسرائیل و ئێران بۆ سه‌ر یه‌كدی تاوتوێ ده‌كات و له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له‌ ئیسرائیل و ئێرانیش له‌ په‌یوه‌ندیدا ده‌بێت.

دووشه‌ممه‌، 16ـی حوزه‌یرانی 2025، مێدیای ڕووسی بڵاوی كرده‌وه‌، سێرگی ڕیابكۆڤ، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا ڕایگه‌یاندووه‌، مۆسكۆ پێی وایه‌ ئێران مافی خۆیه‌تی له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ر هێرشێكی ئیسرائیل به‌رگریی له‌ خۆی بكات.

سێرگی ڕیابكۆڤ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، مۆسكۆ له‌گه‌ڵ واشنتن ئه‌م قه‌یرانه‌ نوێیه‌ تاوتوێ ده‌كات و له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له‌ ئیسرائیل و ئێرانیش له‌ په‌یوه‌ندیدا ده‌بێت.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی کتوپڕ هێرشی کردە سەر دامەزراوە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی "هەستانەوەی شێر"ـی ڕاگەیاند.

لای خۆیەوە ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆی 3"ـی ڕاگەیاند.