ئەردۆغان: هیچ ستەمکارێک تاوەکوو سەر بەردەوام نابێت

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕاگەیاند: هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کاریگەری لەسەر وڵاتانی دراوسێ دروستدەکات و ئەوەی بکەوێتە سەرشانمان بۆ ڕاگرتنی ئەم شەڕە دەیکەین.

دووشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕاگەیاند: هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تەنیا، کاریگەری لەسەر ئەو وڵاتە دروست ناکات، بەڵکوو لەسەر تەواوی وڵاتانی دراوسێ کاریگەری درێژخایەنی دەبێت، هەروەک چۆن هێرشەکان بۆ سەر فەڵەستین تەنیا کاریگەری بۆ چەند ملیۆن کەسێک نەبووە.

سەرۆک کۆماری تورکیا، گوتی: ئیسرائیل هەر ستەمکاری و کارەساتێکی دژی مرۆڤایەتی بکات، کۆتایی بەخۆی دێنێت، هیچ ستەمکارێک تاوەکوو سەر بەردەوام نابێت و هەربۆیە کۆتایی ستەملێکردن تەنیا پەشیمانییە، 

باسی لەوەش کرد، تورکیا ئامادەی هەموو ئاسانکاریێکە بۆ ڕاگرتنی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل.

ئاماژەی بەوەشدا، هەر لەسەرەتاوە پێمان وابوو ناکۆکییەکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران پێویستە بە دانووستاندن چارەسەر بکرێت.