رەتکردنەوەی داوای پەنابەری لە سویسرا کوردێکی رۆژهەڵاتی بە هەموو خەونەکانییەوە لەگۆڕنا

دوو ساڵ پێش ئێستا روویکردووەتە وڵاتی سوویسرا

K24 - هەولێر

مەسعود قەدیری، گەنجێکی تەمەن 30 ساڵی خەڵكی بۆکان، دوای زیاتر لە دوو مانگ لە رەتکردنەوەی داواکاریی پەنابەرییەکەی، لە وڵاتی سویسرا خۆی کوشت، لەسەر داواکاریی خۆیشی تەرمەکەی هەر لەوێ بەخاک سپێردرا.

کەمال سەیدزادە، زاوای مەسعودە و لەڕێگەی کوردستان24 باسی ژیان و بڕیاری خۆکوشتن و ناشتنی مەسعود دەکات.

ئەو گەنجەی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو ساڵ پێش ئێستا روویکردووەتە وڵاتی سویسرا و لە شاری ئینیندا نیشتەجێ بووە، چاوەڕوان بوو وەڵامێکی ئەرێنیی پێبدرێت و وەکو پەنابەر لە وڵاتی سویسرا قبوڵ بکرێت، بەڵام رەتکردنەوەی داواکاوارییەکەی، هەموو خەونەکانی بۆ ژیانێکی ئازادانە بە دڵی خۆی، لە گۆڕ نرا.

کەمال دەڵێ "مەسعود لە بۆکان سەر بە هیچ حیزب و لایەنیک نەبوو، هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتیشی نەبوو، بەڵام وەک هەمووان دەزانن، ژیان لە رۆژهەڵات ئەوەندە سەخت بووە، کە بەرگە ناگیرێت، بۆیە بڕیاریدا ئەوێ جێبهێڵێت و رووبکاتە سویسرا".

زاواکەی مەسعود باس لەوە دەکات بەشی هەرەزۆری ئەوانەی بەو دواییە داوای پەنابەرییان لە سویسرا کردووە، داواکەیان رەتکراوەتەوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە "ئێستا حکومەتی سویسرا بۆ دڵنیابوونەوە لە راستی کەیسەکان، نێردراو دەنێرێتە ئەو شوینانەی کە کۆچبەرەکان لێوەی هاتوون، بەڵام بەداخەوە ئەوان پرسیار لە کەسانی حکومی دەکەن، ئەوانیش بە دڵنیاییەوە ناڵێن هیچ کێشەیەک هەیە".

مەسعود کەسێکی وەرزشوان بووە، کاتێک روویکردووەتە سویسرا، لە یانەیەک دەستی بە زۆرانبازی کردووە، زاواکەی دەڵێ "بەهۆی وەرزشەکەشەوە دوور بوو لە هەموو جۆرە ماددەیەکی هۆشبەر و تەنانەت کهوولیش".

زیاتر لە دوومانگ تێپەڕی بەسەر وەرگرتنەوەی وەڵامی نەرێ لەلایەن حکومەتی سویسرا، مەسعود بەو وەڵامە بێئومێد بوو، تەنانەت لەلای زاواکەی باسی ئەوەی کردووە "ئیدی ژیان مانایەکی نییە"، زاواکەی دەڵێ "ئەوکاتە تێنەگەیشتم مەبەستەکەی چییە".

22-8-2020 مەسعوود دوایین بڕیاری خۆی دا و خۆی بە شەمەندەفەرێکی شاری ئێنیندا کێشا، لە ئەنجامدا گیانی لەدەستدا، بەڵام پۆلیس تاوەکو رۆژی دووشەممە خانەوادەکەیان ئاگادار نەکردووەتەوە، هەتاوەکو ئێستاش وەڵامێکی روونیان نەداونەتەوە، کە بۆچی دوای تێپەڕینی سێ رۆژ پێیان راگەیاندوون.

"لێرە بمنێژن، با بزانن!"

هەرچەندە سەرەتا خانەوادەکەی مەسعود بڕیار دەدەن تەرمەکەی بنێرنەوە خاکی کوردستان و لە بۆکان بینێژن، بەڵام دوای سەرنجدان لە چەند دەنگێکی تۆمارکراو و ڤیدیۆ و نووسراوێک، لەسەر داواکاریی خۆی و دایکی مەسعود، هەروەها بەهۆی دروستبوونی چەند کێشەیەکیش لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بڕیار دەدەن تەرمەکەی هەر لەو شارەی وڵاتی سویسرا بنێژن.

کەمال باس لەوە دەکات، لەو دەنگانە، مەسعوود دەڵێ "ئیدی ژیان بۆ من مانایەکی نییە... من بۆ خۆشی نەهاتوومەتە ئێرە و لە ئێران کێشەم هەبووە، دەمەوێت بە ئازادی بژین، دەبێت بۆتان بسەلمێنم".

تەرمی مەسعود رۆژی هەینی لە شاری ئێنیندا بەخاک سپێردرا، کەمال دەڵێ "زیاتر لە 100 کەس لە پرسەکەی ئامادە بوون، کە بەشێکی زۆریان دۆست و ئاشنای ئەو بوون و نەماندەناسین".