ئێران ژمارەیەک مووشەکی دیکەی ئاراستەی ئیسرائیل کرد
هێزی بەرگریی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیەتی: بەهۆی هێرشەکانی ئێران زەنگی ئاگادار کردنەوە لە تەلئەڤیڤ و باکووری وڵاتەکەی لێدراوە.
داواش لە هاووڵاتییان دەکات بچنە نێو حەشارگەکان و پابەندی ڕێنەماییەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئیسرائیلی بن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ 12ـی ئیسرائیلی، ئێران 10 مووشەکی ئاراستەی وڵاتەکەی کردووە.
لای خۆیەوە، بەرگریی شارستانیی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، هێرشە مووشەکییەکانی ئێران هیچ قوربانییەکی نەبووە.
هەروەها ئەمڕۆ سوپای ئێران چەند هێرشێکی دیکەی مووشەکەی کردبووە سەر ئیسرائیل.
هێزی بەرگریی ئیسرائیل لەو بارەیەوە ئاماژەشی داوە، لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا، ژمارەیەک مووشەک لەلایەن ئێرانەوە ئاراستەی وڵاتەکەیان کراون، کە زۆربەیان بەرپەرچ دراونەتەوە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی کتوپڕ هێرشی کردە سەر دامەزراوە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی "هەستانەوەی شێر"ـی ڕاگەیاند.
لای خۆیەوە ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆی 3"ـی ڕاگەیاند.