ئێران هێرشێکی دیکەی مووشەک و درۆنی دەست پێ کرد

چەند خولەکێک لەمەوبەر، سوپای پاسدارانی ئێران ئۆپەراسیۆنی دەیەمی هێرشیی مووشەکی و درۆنی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێ کرد.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردووەتەوە، ژمارەیەک مووشەکی بالیستی و درۆنی بە ئاراستەی ئیسرائیل هەڵدراوە و چەند ئامانجێکی گرنگ و هەستیاری ڕژێمی ئیسرائیل بە ئامانج گیراون.

سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە، ئەم هێرشەی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 17ی حوزەیرانی 2025، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەڵێنی ڕاستگۆیی سێیە و مووشەک و درۆنەکانیان ئاراستەی چەند شوێن و ئامانجێک کردووە کە دەکەونە تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەند ناوچەیەکی دیکە.

هەروەها ئاماژەیداوە، هێرشەکە لە وەڵام و تۆڵە سەندنەوەی خوێنی فەرماندەکانی سوپای پاسداران و هێزەکانی دیکەی ئێرانە، کە لە پێنجەم ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل کوژراون.

هاوکات لەگەڵ هەڵدانی مووشە و درۆنەکان، لە سەرتاسەری ئیسرائیل زەنگی ئاگەدارکردنەوە لێداوە و ناوەندی سوپای ئیسرائیل لە شارەکان داوایان لە خەڵکی کردووە و بە پەلە خۆیان بگەیەننە حەشارگەکان، چونکە لە هەر چرکە ساتێک بێت، مووشەک و درۆنەکانی ئێران دەگەنە ئاسمانی ئیسرائیل.

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە، بەهۆی ئەو جەنگەی پێنج ڕۆژە لە نێوان تەلئەڤیڤ و تاران دەستی پێکردووە، خەڵکی ئیسرائیل لە ترس و دڵەڕاوکێ دان و زۆربەی کاتەکانی شەو و ڕۆژیان لە ڕێگەی هەڵاتن و مانەوە لە حەشارگەکان بەسەر دەبەن.

هەروەها سوپای ئیسرائیل ئامادەیی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لەسەرتاسەر وڵاتەکە ڕاگەیاندووە، بۆ بەرپەرچدانەوە مووشەک و درۆنەکانی ئێران.