سوپاسالاری ئێران: باشتر وایە هەر چی زووە دانیشتووانی تەلئەڤیڤ و حەیفا شارەکان چۆل بکەن

عەبدولڕەحیم مووسەوی، سوپاسالار و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سزادان دەکات و پەیامێک ئاراستەی دانیشتووانی تەلئەڤیڤ و حەیفا دەکات، هەر چی زووە شارکان چۆل بکەن.
مووسەوی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی حوزەیرانی 2025 گوتی: ڕژێمی ئیسرائیل بە پاساوی هێرشکردنە سەر توانا و ناوەندە سەربازییەکانی ئێران، پەلاماری ئافرەتان، منداڵان و بەساڵاچووانی دا و بەم کردەوەشی پێشێلی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانی کرد.
گوتیشی: تا ئێستا هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران و بەرگریی ئاسمانی، بە یارمەتی سەرجەم هێزە چەکدارەکانی دیکە لە ئەرتەش و سوپا و پۆلیس و وەزارەتی بەرگری، زەبری گەورەیان لە دوژمن داوە، بەڵام ئەو ئۆپەراسیۆنانەی تا ئێستا کراون، تەنیا هۆشداری و بەرگریی بووە.
سوپاسالاری نوێی ئێران هەڕەشەی گۆڕینی شێوازی ئۆپەراسیۆنەکانی کرد و ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی سزادان بەم زووانە جێبەجێ دەکرێت و گوتی: هۆشداریی دەدەینە دانیشتووانی خاکی داگیرکراوی فەڵەستین، بە تایبەت ئەوانەی له تەلئەڤیڤ و حەیفا نیشتەجێ کراون، هەر چی زووە بۆ پاراستنی گیانیان ئەو ناوچەیە چۆڵ بکەن و بەجێی بهێڵن.
گوتیشی: نەتەوەی مەزنی ئێران لە مێژوودا سەلماندوویەتی، لە بەرانبەر هیچ دەستدرێژییەکدا ملکەچ نەبووە و لە بەرانبەر ئەو کردەوە دڕندانەی ئیسرائیلیش ملکەچ ناکات و بە بەرگری و خۆڕاگرییەوە، ڕژێمی ئیسرائیل بە سزای کردەوە تاوانکارانەکانی دەگەیەنێت.
هەروەها ڕایگەیاند، کوشتنی هاووڵاتیان و زانایان و فەرماندەکان، هێزە چەکدارەکانی ئێران سوورتر دەکەن بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی سزادانی پەشیمانکەر لە دژی ئیسرائیل.