بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی قەدەغەی هاوردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی دەکرێت
داوا لە وەزارەتی كشتوكاڵ دەكرێت بە دواداچوون بكات بۆ بەقاچاخ ھێنانی بەرھەمەكان
K24 - ھەولێر:
لیژنەكانی قایمقامیەت لە هەولێر بە یاوەری لیژنەی بەڕێوبەرایەتی كشتوكاڵ، گومرگی سەوزە و میوەی بەسەرکردەوە، بۆ بەدواداچوون لەبارەی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ بە مەبەستی قەدەغەكردنی ئەو بەرھەمانەی ھاوردەی ھەرێمی كوردستان دەکرێن و بە مەبەستی پشتگیریكردن لە بەرھەمە خۆماڵییەكان و ھاندانی جوتیارانی هەرێمی كوردستان، هەروەها گوێبیستی كێشە و گرفتی خاوەن نوسینگە و بارھەڵگرەكانیش بوون.
جارێكی دیكە بۆ پشتگیریكردن لە بەرھەمی خۆماڵی و ھاوكاریكردنی جووتیارانی كورد و بە بازاڕكردنی بەرھەمەكانی لەم وەرزەدا پێگەیشتوون. ئاوارە ئیسماعیل ئەو جووتیارەیە، ھەموو رۆژێك بە بارھەڵگری تایبەتی خۆی لە پێنجوێن بەروبوومی خۆماڵی دەھێنێتە ناو ھەولێر گوتی: قەدەغە كردنی بەرھەمی دەرەوە، كە لە ههرێمی كوردستان زۆرە، بە قازانجی جووتیاری كوردە.
لیژنەی تایبەتی قائیمقامیەت و لیژنەی بەڕێوبەرایەتی كشتوكاڵ راستەوخۆ لەگەڵ خاوەن بارھەڵگرەكان و خاوەن نوسینگەكان لە ناو گومرك قسە دەكەن بۆ ئەوەی ئاگادار بن لەوەی ئایا ئەو بەرھەمانەی بڕیاری قەدەغەیان بۆ دەرچووە بە قاچاخ دێت یان ھەموو لایەك پابەندن.
نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر گوتی: داوا لە وەزارەتی كشتوكاڵ دەكەم بە دواداچوون بكات بۆ ئەوەی لە ھەندێك خاڵی سنووری بەقاچاخ ھێنانی بەرھەمەكان رابگیرێت.
وەزارهتی كشتوكاڵ بە بڕیارێك ھێنانی سەرجەم ئەو بەرھەمە خۆماڵیانەی لە ههرێمی كوردستان بەرھەم دەھێنرێت، بە گشتیی قەدەغە كرد بە تایبەت تەماتە، ھەنجیر، كەلەرم و چەندین بەرھەمی دیكە، كە لەم وەرزەدا پێدەگەن و بە مەبەستی بە بازاڕكردنیان لە بازاڕی ههرێمی كوردستان و پشتگیری جووتیارانی كورد.