وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: ترەمپ سوورە لەسەر ئەوەی نابێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت: داوا لە هاووڵاتیانمان دەکەین بە هیچ شێوەیەک سەردانی عێراق، ئێران و ئیسرائیل نەکەن.
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، سەرۆکی ئەمەریکا جەخت لەوەدەکاتەوە، نابێت ئێران بەهیچ شێوەیەک ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
گوتیشی: لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تیمێکمان بۆ چاودێری دۆخەکە و کاروباری هاووڵاتیانی ئەمەریکی پێکهێناوە، هەربۆیە داوا لە هاووڵاتیانمان دەکەین، سەردانی عێراق و ئێران و ئیسرائیل نەکەن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە دەڵێت: بەردەوام دەبین لە چاودێکردنی دۆخەکە، چونکە زۆر ئاڵۆز و مەترسیدارە، کاری لە پێشینەی ئێمە پاراستنی هەموو هاووڵاتیانی ئەمەریکییە لە سەرتاپای جیهان.
هەروەها لە دوو ڕۆژی رابردوو باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تەلئەڤیڤ داخستنی دەرگای باڵیۆزخانەکەی ڕایگەیاند و ئاماژەیداوە، بڕیاری داخستنەکە هەر دوو بەشی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە قودس و تەلئەڤیڤیش دەگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەم دۆخەدا ناتوانن کارمەندەکانیان بگوزانەوە یان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ هاوکاریان بکەن بۆ ئەوەی ئیسرائیل بەجێ بهێڵن.