خامنەیی: جەنگەکە دەستی پێ کرد
ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت: جەنگەکە دەستی پێ کرد و دەبێت بەهێزەوە ڕووبەڕووی ئیسرائیل ببینەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی حوزەیرانی 2025، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، نوسیوویەتی: سازش بۆ ئیسرائیل ناکەین و جەنگەکە دەستی پێ کرد.
ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەڵێت: دەبێت بەهێزەوە ڕووبەڕووی ئیسرائیل ببینەوە.
ئەم پەیامەی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کاتێکدایە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئێران لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆیی3"، نزیکەی 30 مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.
درەنگانی شەوی ڕابردوو، ئیمان تاجیک، گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنەکانی "بەڵێنی ڕاستگۆیی 3"، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەوە دابوو، ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسداران بە شێوەیەکی ورد و بەرنامە بۆ داڕێژراو لە چەند لایەنێک و قۆناغ بە قۆناغ بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام دەبن.
هەروەها عەبدولڕەحیم مووسەوی، سوپاسالار و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، پەیامێکی ڤیدیۆییدا، گوتبووی: ئۆپەراسیۆنی سزادان بەم زووانە جێبەجێ دەکرێت و هۆشداریی دەدەینە دانیشتووانی خاکی داگیرکراوی فەڵەستین، بە تایبەت ئەوانەی له تەلئەڤیڤ و حەیفا نیشتەجێ کراون، هەر چی زووە بۆ پاراستنی گیانیان ئەو ناوچەیە چۆڵ بکەن و بەجێی بهێڵن.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و، چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.