سوپای پاسداران: مووشەکی فەتاح توانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل تێپەڕێنێت

سوپای پاسداران ڕایگەیاند: بە بەکارهێنانی مووشەکی فەتاح، توانیمان سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل تێپەڕێنین و ئێستا ئاسمانی وڵاتەکە بە تەواوەتی لەژێر کۆنترۆڵی ئێمە دایە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی حوزەیرانی 2025، سوپای پاسدارانی ئێران، لە ڕاگەیەنەراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بە بۆنەی هەڵدانی شەپۆلی 11ـەمینی مووشەکی بۆ ئیسرائیل لەژێر ناوی"بەڵێنی ڕاستگۆیی 3"، بە بەکارهێنانی جیلی یەکەمی مووشەکی فەتاح، پیرۆزبایی لە تەواویی فەرماندە و چەکدارە دڵسۆزەکانی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران دەکەین.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا باس لەوە کراوە، مووشەکەکانی نەوەی یەکەمی فەتاح، بە جۆرێک بەهێزن کە توانییان سەر لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بشێوێنن و، چەندین جار تێیپەڕێنن و ئامانجەکان بپێکن.

سوپای پاسدارانی ئێران، جەختی لەوە کردەوە، لە ڕێگەی هێرشە مووشەکییەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆمان، پەیامی ئێرانمان بۆ دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل نارد کە نوقم بوونە لە خەیاڵ و وەهمە پووچەکان.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێرشە مووشەکییەکانی ئەمڕۆ سەلماندی کە ئێمە کۆنترۆڵی تەواومان بەسەر ئاسمانی ئیسرائیلدا هەیە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئێران لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستگۆیی 3"، نزیکەی 30 مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.

درەنگانی شەوی ڕابردوو،  ئیمان تاجیک، گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنەکانی بەڵێنی ڕاستگۆیی 3، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەوە دابوو، ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسداران بە شێوەیەکی ورد و بەرنامە بۆ داڕێژراو لە چەند لایەنێک و قۆناغ بە قۆناغ بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام دەبن.