ڕووسیا: هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران جیهان بەرەو کارەساتی ئەتۆمی دەبات

ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند "هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نایاساییە و ناکۆکی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران تەنیا لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە چارە دەکرێت."

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا کە لە کەناڵی تێلێگرام بڵاویکردووەتەوە، هێرشە بەرفراوانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شوێنە ناوەکییەکانی ئێران بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان نایاسایین و هەڕەشەی قبوڵنەکراو بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی دروست دەکەن و جیهان بەرەو کارەساتی ئەتۆمی پاڵدەنێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئیدانەکردنی بەربڵاوی کردەوەکانی ئیسرائیل دەریخستووە کە ئیسرائیل لە چەند وڵاتێک پاڵپشتی دۆزیەوەتەوە.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەدا "ڕوونکردنەوەکانی ئێران سەبارەت بە پابەندبوونی بە ئەرکەکانی لە چوارچێوەی پەیمانی قەدەغەی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و ئامادەیی بۆ نوێکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا بۆ کارکردن لەسەر دۆزینەوەی چارەسەری ئەگەری، هەموو گومانەکانی دەوروبەری بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران لادەبات".

جەخت لەوە کراوەتەوە مۆسکۆ "پاڵپشتی ئەم هەڵوێستە دەکات و پێی وایە یەکلاییکردنەوەی ئەم شەڕە لە ڕێگەی دیپلۆماسی و دانوستانەوە دەتوانرێت بەدەستبهێنرێت".

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە؛ مۆسکۆ داوا دەکات ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەبێت "بە زووترین کات ڕاپۆرتێکی نووسراوی ورد لەگەڵ هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانە و بێلایەنانە بۆ زیانەکان" پێشکەش بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بکات.

پێش چەند ڕۆژێک کرێملین ڕایگەیاند، ڕووسیا ئامادەیە وەک ناوبژیوانێک لە ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا مامەڵە بکات، هەروەها پێشنیازی پێشووی بۆ هەڵگرتنی یۆرانیۆمی ئێرانی لە ڕووسیا لەسەر مێزەکە ماوەتەوە.